برسێتی و هەژاری لە ئەفغانستان تادێت زیاتردەبێت

ڕاپرسییەکی بانکی جیهانی ڕۆژی سێشەممە نیشان دەدات ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەفغانستان توانای کڕینی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان نییە لەو کاتەوەی تاڵیبان وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردووە دووهێند بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێژەی بێکاریش زۆر زیادی کردووە.

ئەو ڕاپرسییەی بە تەلەفۆن لەسەر گوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان ئەنجام لە مانگی 10 بۆ 12 ی ساڵی 2021 ئەنجام دراوە، باس لەوە دەکات %70ی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە گوتویانە ناتوانن خۆراک و پێداویستییە گرنگەکانی ژیان بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن. ئەم ڕێژەیە لە مانگی 5 ی ساڵی 2021 %35 بوو.

ژمارەیەکی ئەو کەسانەی کە گوتویانە خۆراکەکانیان گۆڕیوە بۆ جۆرێکی خراپ تا بتوانن دابینی بکەن لە %56 وە بەرزبووتەوە بۆ %85.

نزیکەی لە نیوەی خێزانەکان گوتوشیانە ژەمەکانیان کەمکردووەتەوە چونکە توانای کڕینی خۆراکیان نییە.

بانکی جیهانی دەڵێت هەژارییەکی زۆر بە خێرایی لە تەواوی ئەفغانستان زیادی کردووە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کارەکانی کەرتی تایبەت کەمیان کردووە.

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هێشتا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیانپێدا نەنراوە حەوت مانگ پاش ئەوەی بە تەواوەتی ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵ کردەوە. بەخشێنەران هاوکارییە داراییەکانیان بڕی کە زیاتر لە %70 ی داهاتی حکومەت بوو و 9 ملیار دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستانیش سڕکرا. بەشێکی زۆری ڕابەرانی تاڵیبان هێشتا لەژێر سزاکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکاندان.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشداریدابوو کە زیاتر لە نیوەی 39 ملیۆن دانیشتونی ئەفغانستان ڕووبەڕووی برسێتییەکی لەڕادەبەدەر دەبنەوە.