د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد و عێراقی پێشبینی دەکات، دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەگەر داواکارییەکانی ئێران جێ بەجێ نەکرێت ڕەنگە ئەمجارە توندتر هێرش بکاتە سەر هەرێم، هاوکات ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە تەنها بە بەیاننامە ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێری کردووە و دەڵێت” من بوومایە لەبری حکومەتی هەرێم کونسوڵی ئێرانم لە هەولێر دەردەکرد، ئەو ئیشی چیە لە هەولێر لە وڵاتەکەیەوە بە موشەکی بالستی لێمان دەدرێت، دەشڵێت” مادام حکومەتی هەرێم توانا و دەرەقەتی ئێرانی نیە با مەرحەبایی ئێران بکات، لەگەڵی ڕێک بکەوێت، ئێ نە ڕێک دەکەوێت لە گەڵی نە بەرەنگاریشی دەبێتەوە، واتە ئەو دۆخەی بۆی دروست کردووە زۆر خراپە. ”
”لایەنە عێراقییەکان بەشێکیان بڕوا بە ئێران ناکەن، بەشێکیشییان خراپتر لە ئێران لەسەر هەولێر دەڵێن”
د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد و عێراقی دەڵێت” لایەنە عێراقییەکان بونەتە دوو بەش لەسەر موشەک بارانکردنی هەولێر، ئەو بەشەی سەر بە ئێرانن بڕوایان بە بانگەشەکانی ئێران کردووە( کە ڕایگەیاند بنکەی ئیسڕائیلییان موشەک بارانکردووە” وتی بگرە ئەو بەشەیان زیاتریشییان لە ئێران وتووە، ئێران خۆی دەڵێت” دوو بنکەی ئیسڕائیلی لێییە” کەچی جەماعەتی سەیدولشوهەدا) دەڵێن (بیست بنکەی ئیسڕائیلی هەیە)، بێگومان هەشییانە (ئەو بەشەی تر) کە سەر بە ئێران نین، سوننەن یاخود سەر بە سەدر-ن وتویانە ئەم کارەی ئێران شتێکی خراپە و هێڵی سورە سەروەری عێراقی پێشێل کردووە هاتنە کوردستان سەیری شوێنی موشەکەکانیان کرد، واتە هەموویان یەک بۆچوون نین بەڵکو بۆچونی جیاوازییان هەیە. ”
” سەدر هەڵوێستی باشبوو لەو ڕووداوە ”
پاش هێرشە موشەکیەکەی ئێران، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دوو پەیامی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە، لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندبوو”حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت خۆمان چارەسەری ئەو بابەتانە دەکەین، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بەڕای تۆ ئەو پەیامە بۆ لایەنی ئێرانی بووە یاخود لایەنی کوردی؟
لە وەڵامدا د.مەحمود عوسمان وتی” ئەو پەیامەی سەدر بۆ ئێران بووە، چونکە سەدر هەڵوێستی باشبوو لەو ڕووداوە و ئیدانەی کرد، ڕایگەیاند، ئەوە پێشێل کردنی سەروەری عێراقە، ئەوە جێی بڕوا نیە، هەروەها حاکم زاملیشی نارد بۆ هەولێر، مەبەستی ئەوەیە سەدر کە خۆیان حکومەتی زۆرینە دروست بکەن، وەک خۆی دەڵێت” لا شرقیە و لا غربیە” ئەو شتانە قبوڵ ناکرێت و هەڵوێستی توندمان دەبێت. ”
” من بم لە بری حکومەتی هەرێم کونسوڵی ئێران لە هەولێر دەردەکەم”
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کورد دەبێت چی بکات بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە ئێستاش جەخت لە بوونی بنکەی ئیسڕائیلی دەکاتەوە لە ناو هەرێم؟
لە وەڵامدا. د.مەحمود عوسمان وتی” کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، کە بە داخەوە یەکگرتوو نیە، دەبێت هەڵوێستی هەبێت، من حکومەتی هەرێم بم کونسوڵی ئێران لە هەولێر دەردەکەم، چونکە ئەو کونسوڵی وڵاتێکە کە بە ساروخی بالستی لێمان دەدات کەواتە ئیشی چیە لە هەولێر؟! بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم و ئەوانە هیچ هەڵوێستییان نیە، هەر بەیانات و شتی وایە. ”
” مادام حکومەتی هەرێم توانا و دەرەقەتی ئێرانی نیە با مەرحەبایی ئێران بکات ”
”ڕاستە حکومەتی هەرێم توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئێرانی نیە ئەوە دروستە، بەڵام مادام توانا و دەرەقەتی ئێرانی نیە با مەرحەبایی ئێران بکات، لەگەڵی ڕێک بکەوێت، ئێ نە ڕێک دەکەوێت لە گەڵی نە بەرەنگاریشی دەبێتەوە، واتە ئەو دۆخەی بۆی دروست کردووە زۆر خراپە. ”د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد وایوت ”
” دوور نیە جارێکی تر ئێرانیەکان لە گەڵ پارتی و کورد دابنیشن تا بزانن لێدانەکەی هەولێر چەندە کاریگەری هەبووە”
ڕۆژی چوارشەممە میدیا عێراقی و ئێرانیەکان بڵاوییان کردەوە، ئیسماعیل قائانی بەرپرسی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی عێراقی کردووە بۆ کۆبونەوە لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێت وایە قائانی لەم سەردانەیدا دوای هێرشە موشەکیەکەی ئێران بۆسەر هەولێر، هاوشێوەی پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ کۆبونەوە لە گەڵ بەرپرسانی کورد؟
ئەو سیاسەتمەدارە (د.مەحمود عوسمان) دەڵێت” بەدووری نازانم چونکە دوو بەشی لێدانەکەی هەولێر بۆ ئەوەبوو کورد نەبێتە لایەنگری لایەکی شیعە دژی لایەکی تری شیعە، بۆیە دوور نیە جارێکی تر ئێرانیەکان لە گەڵ پارتی و کورد دابنیشن تا بزانن لێدانەکەی هەولێر چەندە کاریگەری هەبووە، وە کورد چی دەکات، یا چی ناکات؟ چونکە قائانی چۆتە بەغداد دوورنیە لەگەڵ کوردیش پەیوەندی بکات. ”
”کورد دەبێت دەرسێک وەربگرێت لە هێرشەکەی ئێران ”
هەرچەندە میدیا ئێرانیەکان لە دوای هێرشە موشەکیەکە بۆ سەر هەولێر، لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ڕایاندەگەیاند” ئێران ئامانجی خۆی پێکاوە لە هێرش کردنە سەر بنکە ئیسڕائیلییەکان لە هەولێر. ”
بەڵام د.مەحمود عوسمان ئەو بانگەشانەی ئێران بە درۆ ناودەبات و دەڵێت”نەخێر ئێران ئامانجی خۆی نە پێکاوە، چونکە شتەکە ڕوونە کە درۆیە لە هەمانکاتدا هەموو جیهان سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد، بەڵام بە بۆچونی من کورد دەبێت دەرسێک لەو هێرشە وەربگرێت، دەرسەکەش ئەوەیە کە ئێران وا بیر دەکاتەوە کورد زیاد لە حەد بەرەو ئەمەریکا و ئێران ڕۆیشتووە و ئێرانی ئیهمال کردووە و حساب بۆ ئێران ناکات، لەگەڵ ئەوەی ئێران گرنگترە چونکە سنورێکی درێژی هەیە لەگەڵی، وە لە بەغدادیش ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەیە، لەبەرئەوە کوردیش دەبێت دەرسێک وەربگرێت هەوڵبدات ئەوەندەی دەتوانێت لەگەڵ ئێران مەرحەبای هەبێت تا زیان کەمتر بکات، چونکە ئێرانی غەدارن خراپن لەگەڵ کورد نین، بڕوایان بە کێشەی کورد نیە، دەتوانن زۆر زیانمان لێبدەن لەبەر ئەوە دەبێت هەوڵبدەین ئەو زیانانە کەم
بکەینەوە. ”
”دۆخەکە خراپتر دەبێت.... ئەمجارە ئێران خراپتر لێدەدات دەڵێت کورد بێ ساحێبە کەس لەسەری نایەتە جواب”
بە بڕوای د.مەحمود عوسمان دۆخەکە خراپتر دەبێت، لەو ڕووەوە د.مەحمود دەڵێت” دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەمڕۆ لێ دەدا، سبەی لێ دەدا، کاتێکی تر بە جۆرێکی تر، هەروەها لە بەغداد زیانمان لێ دەدا، دەتوانێت زیان بدات وە ئەشیدات، چونکە دەزانێت کورد بێ ساحێبە کەس لەسەری نایەتە جواب نە ئەمەریکا و نە غەیری ئەمەریکا، جا ئێرانیش دەڵێت با لێی بدەم دەتوانێت ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر لەمە بکات، هەروەها ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن، ئەگەر ئەوەی پێویستە نەکرێت ئەوا هێرشی ئەمجارە دووبارە دەبێتەوە بەڵام بە توندرین شێوە. ”
” چوونی وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ پەرلەمانی عێراق کارێکی باشبوو”
دوێنێ پەرلەمانی عێراقی( ڕێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بانگکردە بەردەم ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی کە ناونراوە لیژنەی گەیشتن بە ڕاستییەکانی هۆکاری موشەک بارانکردنی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە، بۆ ڕونکردنەوە سەبارەت بەو بانگەشانەی ئێران لە بارەی بوونی بنکەی ئیسڕائیلی وەک پاساوی هێرشەکەی بۆ سەر هەولێر باسی دەکات.
د.مەحمود عوسمان پێی وایە”ڕەنگە ڕونکردنەوەکانی وەزیری ناوخۆ لە بەردەم پەرلەمانی عێراقی، کاریگەری بکاتە سەر هەڵوێست و بڕوای هەندێک لایەن، بەڵام هەندێک لایەن کە لە گەڵ ئێرانن هەر لە گەڵ ئێرانیش دەمێننەوە، وەزیر بچێت یاخود نەچێت ئەوان هەر لە گەڵ ئێران دەمێننەوە، بەڵام لایەنی تریش هەیە لە گەڵ ئێران نین، بۆیە چونی وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ بەردەم پەرلەمانی عێراق شتێکی باشبوو بە بۆچونی من. ”
Your browser doesn’t support HTML5