لاڤرۆڤ: هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین تەنها بەهێزتر دەبن

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس ڕۆژی شەممە لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤفرۆڤەوە دەڵێت هەماهەنگی نێوان ڕوسیا و چین لە هەلومەرجی ئێستادا تەنها بەهێزتر دەبێت.

ئاژانسەکە دەڵێت لاڤرۆڤ گوتویەتی " ئەم هاوکارییە بەهێزتر دەبێت، چونکە لە کاتێکدا ڕۆژئاوا بە ئاشکرا هەموو ئەو بونیادانە پێشێل دەکات کە سیستمی نێودەولەتی لەسەری دامەزراوە، بێگومان ئێمەی دوو هێزی مەزن، دەبێت بیر لەوەبکەینەوە کە چۆن لەم جیهانە بەردەوامبین."

ئەم قسانەش لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی کۆبونەوەیەکی ڤیدیۆیی نزیکەی دوو کاتژمێری لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی ژینبینگ بەڕێوەچوو. سەرۆک بایدن لە کۆبونەوەکەدا هۆشداری دا بە سەرۆکی چین هاوکاری ڕووسیا نەکات لە داگیرکارییەکەی ئۆکرانیادا.

بە گوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چین، شی بە بایدنی ڕاگەیاندووە کە ناکۆکی و ڕووبەڕووبوونەوەی وەکو ئەوەی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە.

ڕاگەیاندنی چین دەڵێت لەو وتووێژەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە داواکرابوو شی گوتویەتی " قەیرانی ئۆکرانیا شتێکی نەخوازراوە بۆ ئێمە."