نازەنین زاغەری: حکومەتی بەریتانیا دەیتوانی زووتر یارمەتی ئازادکردنم بدات

کارمەندێکی خێرخوازی بەریتانی بە ڕەگەز ئێرانی کە ماوەی شەش ساڵ لە تاران زیندانی کرابوو و چەند ڕۆژێکە ئازادکرا، ڕۆژی دووشەممە گوتی حکومەتی بەریتانیا دەیتوانی زووتر یارمەتی بدات لە ئازادکردنی، وە داوایکرد هەموو زیندانیانی کە لە ئێران "بە ناڕەوا دەستگیرکراون" ئازاد بکرێن.

نازەنین زاغەری ڕاتکلیف بۆ یەکەمجار قسەی کرد لە وەتای گەڕاوتەوە بەریتانیا و گوتی حکومەتی بەریتانیا دەیزانی کە تاران دەیەوێت قەرزێکی 400 ملیۆن پاوەندی بداتەوە لە بری ئازادکردنی، کە ئێران دەڵێت حکومەتی پێشووی ئێران بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی داوێتی بە بەریتانیا بەڵام بە هۆی شوڕشی ئێرانەوە ،بەریتانیا کەرەستە سەربازییەکانی نەداوە بەو وڵاتە و لە ئێستادا داوای ئەو پارەیە دەکات.

زاغەری ڕاتکلیف لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "پێم وایە یەک دوو هەفتە، یا سێ هەفتە بوو پاش دەستگیرکردنم ، شەش ساڵ پێش ئیستا، کە (بەرپرسانی ئێرانی) پێیان گوتم: "ئێمە شتێکمان دەوێت لە بەریتانییەکان، و ناهێڵین بڕۆیت تا ئەو کاتەی بەدەستی دەهێنین "

زاغەری ڕاتکلیف ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەگەڵ ئەندازیاری خانەنشین ئانۆشە ئاشووری تەمەن 67 ساڵان گەڕایەوە بەریتانیا، دوای ئەوەی لەندەن ڕازی بوو کە ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی سەردەمی شاهی ئێران لە ساڵانی حەفتاکان دا، بەر لە شۆرشی ئیسلامی، بداتەوە.

ئەو خۆی بە "بارمتەیەک لە دەستی دوو حکومەت" وەسف کرد کە لە ناکۆکیەکی بەرفراوانتردا گیری خواردبوو، کە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نەبووە". وتیشی دەبێت هەموو ئەو گیراوانەی کە بە نادادپەروەرانە لە بارۆدۆخێکی هاوشێوەدا لە ئێران گل دراونەتەوە، ئازاد بکرێن.

موراد تاهباز بەڕیتانییەکی تری بەڕەگەز ئێرانییە، کە پاسپۆرتی ئەمەریکایشی هەیە، لە شەستەکانی تەمەنیدایە و هێشتا لە ئێران گیراوە.

تارەینی خوشکی موراد بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە گوتی تاهباز دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و حکومەتی بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی دەستیان لەو هەڵگرتووە، پاش ئەوەی دوو گیراوەکەی تری لای ئێران ئازادکران.

خۆشکەکەی گوتیشی: براکەی شێرپەنجەی هەیە و 40 کیلۆگرام کێشی دابەزیووە.

دادگایەکی تاران لە ساڵی 2020دا تەهبازی بۆ ماوەی 10 ساڵ بەتۆمەتی سیخوڕی و پیلانگێڕان لەگەڵ واشنتون ،و زیان گەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی زیندانی کرد.

ئەو لەگەڵ حەوت کەسی تر لەسەر ئەو تۆمەتانە تاوانبارکراون کە کاریان لەگەڵ گروپی ژینگەیی دەزگای کەلەپووری کێوی فارسی کردووە بۆ شوێنکەوتن و پاراستنی جۆرەکانی ئەو گیانەوەرانەی کە خەرێکە لەناو دەچن، و بە گومانی سیخوڕی لە سەرەتای ساڵی 2018دا دەستگیرکراون.

زاغەری ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری پرۆژەی دەزگای تامسۆن ڕۆیتەرز لە مانگی 4ی ساڵی 2016 لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە پیلانگێڕان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئێسلامی تۆمەتبار کرا.
هەروەها ئەنوشە ئاشووری لە ساڵی 2019دا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ موسادی ئیسرائیل بە دە ساڵ زیندان و بە تۆمەتی دەستکەوتنی سامانی ناشەرعیش بە 2 ساڵ زیندانی سزا درا.

جێی باسە کەسانێکی تریش کە دوو ڕەگەزنامەی ئێران و وڵاتانی نەمسا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوید و ئەمەریکایان هەیە، لەسەر هەمان بنەما لە ئێران دەستگیرکراون.