بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکوک: پێویستی نەدەکرد بۆ نەورۆز مۆڵەت لە پارێزگارێکی ناشەرعی وەربگیرێت

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، ڕەتیدەکاتەوە حیزبەکەی لە پشت بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تەقینەوە و ترساندنی خەڵکەوە بێت، بۆ بەشداری نەکردن لە ئاهەنگی سەرقەڵای شارەکە، کە لەلایەن یەکێتی و حیزبە کوردیەکانەوە ئەنجامدرا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد خورشید بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکوک دەڵێت"ئەوانەی دەڵێن پارتی پڕوپاگەندەی بڵاوکردووەتەوە، تا خەڵک بترسێت و بەشداری ئاهەنگی سەر قەڵای کەرکوک نەکات، با بەڵگەکانیان بخەنەڕوو، پارتی بڕوای بە پڕوپاگەندە نیە، ئەوە بیانووە بۆ داپۆشینی کەمی بەشداریکردنی خەڵک لە ئاهەنگی سەرقەڵا، کە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر خەڵکێکی ئێجگار زۆر بەشداردەبوون."

گوتیشی"ئەوانەی پارتی تۆمەتباردەکەن، قسەکانیان زۆر لاوازە و قسەکانیان ناڕاستی قسەی خۆیان دەسەلمێنێت، هەڵبژاردنی 10/10 کە پارتی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا، سەلماندی خەڵکی کەرکوک کێی قەبوڵە."

پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەجیا ئاهەنگی نەورۆزی لە کەرکوک ئەنجامداوە و بەشداری ئاهەنگی حیزبە کوردیەکانی نەکردووە و نێوماڵی کوردی پەرتەوازە کردووە، لەوبارەیەوە بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لەکەرکوک دەڵێت"بەهۆی خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، کەرکوک چووەتە دۆخی داگیرکردنەوە و بارەگای میلیشیا شیعەکان و سوپا هاتنە ناو شارەکە، بارەگای پارتی هەمووی داگیرکراوە لەگەڵ بارەگای حیزبەکانی تریش، پارێزگاری ناشەرعی کەرکوک سێ کاتژمێری بۆ ئاهەنگی نەورۆز دانابوو، لەکاتێکدا ئاهەنگی نەورۆز پێویست بەمۆڵەت وەرگرتن ناکات، پێویست ناکات بۆ یادێکی نەتەوەیی پرس بە پارێزگارێکی ناشەرعی بکەین، بۆیە بڕیارماندا بەرپەرچی بڕیارەکە بدەینەوە و مۆڵەت وەرنەگرین، واتە مەبەستی ئێمە بەرپەرچدانەوەی بڕیارەکە بوو، ئینجا لەئاهەنگەکەشدا خەڵکی نیشتیمان پەروەری جیاواز لەپارتیش بەشداربوون."

کاتێک پارێزگاری کەرکوک بڕیاری سێ کاتژمێرەکەی بۆ ئاهەنگی نەورۆز هەڵوەشاندەوە، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی بە جیا خۆیان کردە خاوەنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بە پارێزگاری کەرکوک، لەو بارەیەوە ئەحمەد خورشید بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لەکەرکوک وتی"بڕیارەکەی پارێزگارمان بەلاوە گرنگ نەبوو، چونکە شۆڤێنی بوو، نەدەبوو لایەنێک داوای مۆڵەت بۆ نەورۆز لە پارێزگاری ناشەرعی بکات، دەبووایە حساب بۆ پارێزگار نەکرایە، بۆیە ڕەخنەمان لەو لایەنەش گرتووە کە داوای مۆڵەتی کرد، پەیامەکەمان ڕوونبوو، پابەندنابین و پێویست ناکات پرس بە پارێزگار بکرێت."

جەختیشیکردەوە"شاخەوان عەبدوڵا وەکو جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی بەرزترە لە پەرلەمانتارەکانی تر، فشارەکانی ئەو لەبەغدا، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نوسراوەکەی پارێزگاری کەرکوک."