لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە کۆتا دانیشتەکانی بۆ پشتڕاستکردنەوی دەستنیشان کردنەکەی دادوەر کەتانجی براون جاکسن، بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا ئەنجام دەدات.
یاسادانەران گوێ لە گەواهیدەرانی دەرەوە ڕادەگرن، لە ناویاندا ڕێکخراوی نیشتمانی پارێزەران، پرۆفیسۆرەکانی یاسا و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسا و گروپە ئاینییەکانی مافەکان.
دوای دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، ئەندامانی کۆمیتەکە تاوتوێی بەربژێرییەکەی جاکسن دەکەن و پاشان دەنگ دەدەن لەسەر ئەوەی ئایە بخرێتە بەردەم تەواوی سینات بۆ دەنگدان لەسەر پشتڕاستکردنەوەی یان نا.
ڕۆژی چوارشەممە لە سێهەم ڕۆژی دانیشتنی پشتڕاستکردنەوەکەدا، جاسکن جارێکی تر بەرگری لە ڕابردووی خۆی کردەوە بۆ ئەندامە کۆمارییەکان لە کاتێکدا سیناتۆری کۆماری تام تیلس گوتی جاکسن سروشتێکی میهرەبانی هەیە کە وای لێکردووە وەکو دادوەرێکی فیدراڵی زۆر نەرمبێت لە بڕیارەکانیدا.
جاکسن بە وردی وەڵامی ئەمەی دایەوە و گوتی کە زۆر جار هەوڵی داوە ئەوە بۆ تۆمەتبارەکان ڕوونبکاتەوە کە کاریگەری کردارەکانیان چەندێک زۆرە بەو مەبەستەی ئەگەری ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانە لە پاش ئازادبوونیان کەمبکاتەوە.
سیناتۆری کۆماری لێندسی گراهەم توندتربوو و بەردەوام بوو لەسەر بابەتەکەو پرسیاری لە جاکسن کرد دەربارەی بڕیاری سزادانەکەی وەک دادوەر، بە بەردەوامی لە کاتی وەڵامدانەوەدا قسەکانی ئەوی دەپچڕاند. ئەو هەروەها دانیشتنەکانی 2018ی بۆ پشتڕاستکردنەوەی دادوەری دادگای باڵا برێت کەڤەنا هێنایە ئاراوە.
سیناتۆر پاتریک لێهی دیموکراتی نوێنەری ڤێرمۆنت پرسیارەکانی دۆستانە تر و نەرم تربوون. ئەو لە جاکسنی پرسی بۆچی هەست دەکات ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی ئەمەریکا گرنگە بۆ بونیادە دیموکراتییەکانی ئەمەریکا وەکو دادگاکان.
جاکسن لە وەڵامدا باسی لە کۆمەڵێک هۆکارکرد لەوانەشدا " زیادکردنی متمانەی خەڵکی بە سیستەمەکەمان."
ئەو گوتیشی " ئێمە کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشنمان هەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە مەزنە تا لێرە ژیان بەسەربەرن."