ڕاگەیاندنێکی ئەمەریکا کە چین تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی کەمینە موسڵمانەکانی لە پارێزگای شینجیانگ ئەنجام داوە پێدەچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووبێت بەسەر ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی 57 وڵاتیدا، کە لەم هەفتەیەدا لە ئاستێکی بەرزدا وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی ستایش کرا.
وانگ کە لەلایەن پاکستانی میواندارەوە وەکو میوانی تایبەت بانگهێشت کرابوو، بەشداری لە 48هەمین دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کرد کە لە ئیسلام ئابادی پایتەخت بەرێوە چوو. ئەو لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد. ڕۆژێک پاش ئەوە، ڕۆژی پێنجشەممە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی بۆ ئەفغانستان کرد کە لەوێ تاڵیبانی فەرمانڕەوای وڵاتەکە بەپەرۆشە بۆ پشتیوانی و وەگەڕخستنی چین لەو وڵاتەدا.
تێکەڵبوونی ئەو بۆنانە هەڵمەتەکانی گروپێکی مافەکانی مرۆڤی بنکە لە واشنتنی نیگەرانکرد کە ئامادەبوونی وانگی لەو کۆبونەوەیەو بێدەنگی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە ئاست ڕەفتارەکانی چین لەگەڵ ئویگورە کەمینەکان شەرمەزار کردووە.
هەڵمەتی ئویگورەکان لە ماڵپەڕەکەیدا ڕایگەیاندووە " جێی نیگەرانی بوو کە بینیمان پاکستان وانگ یی وەکو میوانی تایبەت بانگهێشت کردبوو، لە کاتێکدا موسوڵمانە ئویگورەکان مافی ئەوەیان نییە وەکو موسوڵمان دانیانپێدا بنرێت یان پەیڕەوی ئاینی ئیسلام بکەن."
بە پێی حەسەن ئەسکەری شیکارێکی کاروباری نێونەتەوەیی دەڵێت بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی چین لەلایەن پاکستان بۆ ئەو کۆنگرەیە وەکو چاودێرێک بەشێکە لە نەریتی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کە ڕێگە دەدات وڵاتی میواندار دیپلۆماتە باڵاکانی وڵاتانی نائەندام لە ڕێکخراوەکە بانگهێشت بکات.
ئەمەریکا چینی بەجینۆساید و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی تۆمەتبارکردووە لە هەرێمی شینگجیانگی زۆرینە موسوڵمانی ڕۆژئاوای چین، کە بریتییە لە کاری زۆرەملێ و نەزۆککردنی ژنانی مسوڵمان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی زیاتر لە 1 ملیۆن موسڵمانی ئویگور لەکەمپەکاندا.
بێجینگ نکوڵی لە هەمو ئەو تۆمەتانە دەاکت و دەڵێت خەڵکی هەموو پێکهاتەکان بە خۆشحاڵی لە شینجیانگ دەژین.
کەمپەینی ئویگورەکان ڕایگەیاند، لوتکەی OIC ئاماژەی بە نەهامەتییەکانی موسڵمانانی ڕۆهینگیا و هەروەها موسڵمانانی ئەفغانستان و ناوچەکانی فەلەستین و جامو و کەشمیر و شوێنەکانی تر کرد، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جینۆسایدی ئویگورەکانی لە چین پشتگوێخست.
تەنها وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو باسێکی ئەو بابەتەی کرد. ئەو گوتی "لە چین ئویگورەکان و موسوڵمانەکانی تر زەحمەتییان هەیە مافە ئاینییەکانیان و پێناسەی کولتوری خۆیان بپارێزن. ئایە ئەمە ڕاستە بارودۆخی ئویگورەکان پشتگوێ بخرێت؟"
ڕۆبێرت باینچی پرۆفیسۆری یاسا نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت سیاسەتمەدارە تورکەکان زۆر جار بە ئاشکرایی بەرگری مافەکانی ئویگورەکان دەکەن لە نێو سیاسەتمەدارە موسوڵمانەکاندا، چونکە لە ڕووی کولتور و نژادییەوە ئەوان بەستراون بە تەواوی ئاسایی ناوەڕستەوە.
وانگ لە کۆنگرەکەدا گوتی وڵاتەکەی بەڵێنیداوە 300 ملیۆن ڤاکسینی دژە کۆڤید-19 بۆ وڵاتانی ئیسلامی بنێرێت.
عەبدولکەریم ئدریس بەڕیوەبەری گشتی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئویگورەکانی بنکە لە واشنتن دەڵێت زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ملیاران دۆلار لە چین وەردەگرن بە نێوی وەگەڕخستنی سەرمایەوە.
ئدریس بە دەنگی ئەمەریکای گوت " بە وەرگرتنی ملیاران دۆلار لە چێن، ئەم وڵاتانە نەک تەنها ناچاردەکرێن بێدەنگبن لە ئاست دڕندایەتییەکانی دژ بە ئویگورەکان لە ڕۆژهەڵاتی تورکمانستان بەڵکو لە بێژینگەوە فەرمانیشیان پێدەکرێت ئەو شتە بکەن چین دەخوازێت." ئەو بۆ هەرێمی شینجیانگ نێوی ڕۆژهەڵاتی تورکمانستانی بەکارهێنا کە ئویگورەکان خۆیان وای پێدەڵێن.
ڕاپۆرتی ئاسم کاشگەریان/ دەنگی ئەمەریکا