پەرلەمانی عێراق جارێکی تر شکستی هێنا لە کۆکردنەوەی 220 پەرلەمانتار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تەواوکردنی نیسابی یاسایی، کە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، 202 پەرلەمانتار، بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد و تەواوکردنی نیسابی یاسایی شکستهێ هێنا و کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی چوارشەمە دواخرا.
هەریەک لە ڕەوتی سەدر، عەرەبی سونە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە ڕێککەوتنیان هەیە، هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی 220 پەرلەمانتار و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چڕکردەوە، لە بەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی هەوڵی شکستهێنانیان بە کۆبوونەوەکەدا.
کێشمەکێشی هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکەی ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی نیشتیمانی لەکاتێکدایە، هێزە شیعەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و پارتی و یەکێتیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای گوت"دەستوری عێراق بەشێوەیەک داڕێژراوە، دەبێت عێراق بە تەوافق ببرێتە ڕێوە، ئێمە ئەمڕۆ توانیمان شکست بە تەواوکردنی نیسابی یاسایی بهێنین و ڕێگەنەدەین سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت."
گەر ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە سەرکەوتووبایەن، لە تەواوکردنی نیسابی یاسایی و هەڵبژاردنی ڕێبەر ئەحمەدی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار، قۆناغێکی گەورە لە پێکهێنانی حکومەتیش بەپێی خواستی خۆیان دەچوونە پێشەوە و دۆخەکە بەلای بەرژەوەندی کاندیدی ڕەوتی سەدر بۆ سەرۆک وەزیران دەشکایەوە.
کێشمەکێشی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە شیعەکان لە دوێنێ هەینی یەوە تەواو چڕبووەتەوە، هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە تەواوی هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی نیساب و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چڕکردبوویەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی نیشتیمانیش هەوڵی شکستپێهێنانی کۆبوونەوەکەیان دا.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشمەکێشی لایەنە عێراقیەکان هێندە قوڵبوویەوە، پارە بەخشینەوە و هەڕەشەکردنیشی تێکەوت."
جەختیشیکردەوە"لایەنەکان هێندە ناکۆکن و دۆخەکە دەستی دەرەکی بەشێوەیەک تێکەوتووە، ڕێککەوتن کەمێک قورس بووە."
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت تا ڕۆژی 6 ی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، بەپێچەوانەوە عێراق بەرەو قوڵتربوونەوەی قەیرانی یاسایی و سیاسی هەنگاو دەنێت.
زانا ڕۆستایی پسپۆڕی بواری یاسا و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەپێی دەستور و دوا بڕیاری دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق 30 ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دەبێت تا ڕۆژی 6/4 پەرلەمان کۆببێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، گەر ئەمە نەکرا، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی دەستوری دەبێتەوە."
گوتیشی"عێراق توشی قەیرانی دەستوری ببێت و سەرۆک کۆمار لەو وادەیەدا هەڵنەبژێردرا، یان دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، یان دادگای فیدراڵی سەرلەنوێ کۆببێتەوە و دەرەچەیەکی تری یاسایی بدۆزێتەوە."
ململانێی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ بەشداریکردن و بەشداری نەکردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەمەی پەرلەمانی عێراق، لایەنە کوردیەکانیشی کردە دوو بەرەوە، هەریەک لە یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد، بەڵام پارتی و نەوەی نوێش وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، بەمەرجی جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان بەشداربوون.
Your browser doesn’t support HTML5