د.یوسف محەمەد:سێ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی هه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

دکتۆر یوسف محەمەد مامۆستای زانکۆ پسپۆڕی بواری یاسا، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت“ چ ئه‌نجامدانه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد، یاخود دواخستنی هەڵبژاردنەکان، یا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەم کۆمسیۆنەی ئێستاوە له‌ هه‌رێمی كوردستان دەتوانرێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانە لە کۆی سیستمی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان بدرێت، دەشڵێت“ هه‌ركه‌سێك زیانمه‌ند بێت له‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بڕوات له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌وقیقاتی یاسایی و ده‌ستوری له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ڕه‌چاونه‌كراوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ی برد، دەبێت بڕیاری ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ربچێت كه‌ كۆمیسیۆن نوێ بكرێته‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات شه‌رعیه‌تی نییه‌ به‌ڵێ ده‌توانرێت له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار بكرێت. “

“سێ بەربەستی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان“

لەسەرەتای قسەکانیدا د.یوسف محەمەد ڕایگەیاند“ ده‌توانم بڵێم سێ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی هه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م، كه‌ سه‌ره‌كیترینیانه‌، نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆئه‌وه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بچه‌سپێنرێت و حوكم له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌شێوه‌ی دیموكراسی بێت و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت،‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندایه‌ بڕوای به‌ هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد به ‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا نییه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ ساڵی 1992 وه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه‌ هه‌تا ئێستا هیچ هه‌ڵبژاردنێكی هه‌رێمی كوردستان چ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بێت یان چ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بێت، وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هیچ هه‌ڵبژاردنێكیان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌دراوه،‌ ئه‌مه‌ به‌رستی یه‌كه‌می نه‌بوونی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها‌ نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كه‌ بۆ سه‌رخستنی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ربه‌ستی دووه‌م بریتیه‌ له‌ بوونی یاسایه‌كی خراپ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ یاساكه‌ بۆ سه‌رده‌می 1992 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ندێك هه‌مواكردنه‌وه‌ی كه‌م له‌ڕووی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تێدا كراوه‌ واته‌ بۆنموونه‌ پێشتر لیسته‌كه‌ داخراو بووه‌ و كراوه‌ به‌لیستی نیمچه‌ كراوه‌ ئه‌گه‌رنا هیچ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نه‌كراوه‌ به‌ڵكو (تعقیدات) ی زیاتر كراوه‌ واته‌ به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و نوێنه‌رایه‌تی كردنی ده‌نگی خه‌ڵكدا نه‌ڕۆیشتووه،‌ ئه‌م یاسایه‌ش دیسانه‌وه‌ خۆی بۆخۆی له‌مپه‌ره‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت، له‌مپه‌ری سێیه‌میش، بریتیه ‌له‌وه‌ی ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ماوه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی هاتووه‌، ئێستا ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران ویلایه‌تیان كۆتایی پێهاتووه‌ و هیچ سیفه‌تێكی فه‌رمیان نییه‌ واته‌ نه‌په‌رله‌مان جارێكی تر دایناونه‌ته‌وه‌ نه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نێكی كۆمیسیارانی تازه‌ بۆ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن دروست بكرێت. “

“ ئه‌م كۆمیسۆنه‌ی ئێستا ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی پێهاتووه‌ “
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەم به‌ربه‌سته‌ یاساییه‌ كه‌ هیچ سیفه‌تێكی یاساییان نییه‌ وه‌كو ئاماژه‌ت پێكرد ویلایه‌تیان كۆتایی پێهاتووه‌ كه‌واته‌ ناتوانن له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن ئایا ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پوچه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانی؟

د.یوسف محەمەد وتی“ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م كۆمیسۆنه‌ی ئێستا ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی پێ هاتووه‌، ویلایه‌تی كۆمیسیۆن بۆماوه‌ی پێنج ساڵه‌و ئێستا كۆتایی پێ هاتووه‌، له‌ یاساكه‌دا سه‌قفی دانه‌ناوه‌ بۆئه‌وه‌ی چه‌ندجار ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن بتوانن به‌رده‌وام بن، به‌ڵام هه‌رجاره‌ی كه‌ به‌رده‌وامی به‌ ئیشوكاریان بدرێت پێویست ده‌كات له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جارێكی تر بڕیاریان بۆ ده‌ربچێت ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ هه‌تا ئێستا، بۆیه‌ ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌م پێكهاته‌ی ئێستا ناتوانێت هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات له‌ڕووی یاساییه‌وه‌. “

“ ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ڕێوه‌به‌رێت به‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردنێكی باتڵ ده‌بێت “

وه‌كو مامۆستایه‌كی زانكۆ پسپۆڕ لە بواری یاسایی لێت بپرسم له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پوچه‌ڵ ده‌بێت ئه‌و قاعیده‌ یاساییه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ( مایبنی علی الباطل فهو باطل) ؟

وەڵامەکەی د.یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو“ به‌ڵی ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستا و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌بێ بوونی بڕیارێك له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دابنرێنه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رنه‌چێت، به‌ڵێ ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ڕێوه‌به‌رێت به‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردنێكی باتڵ-بوچه‌ڵ ده‌بێت. “

“یاسای هەڵبژاردنەکان زۆر دواکەوتووە“

سه‌باره‌ت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر به‌م یاسایه‌ و به‌بێ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت ئایا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چۆن ده‌رده‌چێت به‌ڕای به‌ڕێزتان؟

وەڵامەکی د.یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو“ له‌ڕاستیدا یاساكه‌ ئێستا به‌ركاره،‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ یاسایه‌كی زۆر دواكه‌وتووه‌، وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ زۆر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چووه‌، هەروەها به‌ڕاستیش خه‌ڵك متمانه‌ی نه‌ماوه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌ی كه‌ له‌و یاسایه‌ هاتووه،‌ بۆیه‌ پێویست ده‌كات گرەنتی پاک و بێگەردی هه‌ڵبژاردن ده‌سته‌به‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر كه‌ پێویست ده‌كات هاوته‌ریب به‌مانه‌ بڕوات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ئێستا به‌ تەنگه‌ژه‌یه‌كی قوڵی حوكمڕانیدا تێده‌په‌ڕێت،‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ لای هاوڵاتیان شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌، ده‌بینین زوو زوو ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر شه‌قام دێته‌ كایه‌وه‌ چونكه‌ شكستیخواردووه‌، بۆیه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامدرا بۆئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سیسته‌می حوكمڕانی تازه‌ بكرێته‌وه‌، ناكرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردن دوابخرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ به‌هه‌مان ئه‌و ئالیه‌تانه‌ی ڕابردووه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. “

“ كه‌مته‌رخه‌میه‌كی گه‌وره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌یه‌...جێی گومانێكی گه‌وره‌یه‌“
د.یوسف محەمەد ڕەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە بۆچی هاوشێوەی عێراق جەخت لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ناکەنەوە؟! لەو ڕووەوە د.یوسف محەمەد وتی“ به‌ڕاستی كه‌مته‌رخه‌میه‌كی گه‌وره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئاستی عێراق له‌ماوه‌ی ڕابردوو فشاری جددیان كرد بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌عێراقدا به‌یاسایه‌كی تازه‌ ده‌ربچێت و سه‌ركه‌وتووش بوون له‌وه‌دا كه‌ یاسایه‌كی تازه‌ش ده‌رچوو،‌ سیسته‌مێكی تازه‌ی هه‌ڵبژاردن هاته‌ كایه‌وه‌ هه‌ندێك زه‌ماناتیش هه‌بوو بۆ نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هەتا كۆمیسیۆنێكی تازه‌ش هاته‌كایه‌وه‌،‌ هه‌ڵبژادنی پێشوه‌ختیش ئه‌نجامدرا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌رخه‌ت بوون، بێده‌نگی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نه‌گۆڕینی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و زۆر دواكه‌وتووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چ له‌ڕووی عه‌داله‌تی ده‌نگی هاوڵاتی چ له‌ڕووی پاراستنی نه‌زاهاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان جێی گومانێكی گه‌وره‌یه‌،هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی تووشی ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گومانیان هه‌بێت كه‌ بۆچی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئاستی عێراق زۆر پێداگربوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد، به‌ڵام له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه.‌ “

“ئێستا ئێمه‌ زۆر زۆر له‌دوای عێراقه‌وه‌ین، من ده‌زانم ئه‌وه‌ی عێراقیش ته‌واو عه‌یار نییه‌ ئێمه‌ خۆمان ڕه‌خنه‌مان لێی هه‌بووه “

سەبارەت بە شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان، کە لایه‌نه‌كان هه‌ندێكیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌‌ هه‌ڵبژادن به‌شێوازی یه‌ك بازنه‌یی به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ندێكیشیان جه‌خت له‌سه‌ر فره‌ بازنه‌یی ده‌كه‌نه‌وه‌ ڕای تۆ وه‌كو كه‌سێكی یاسایی و وه‌كو چاودێرێكیش له‌ هه‌رێمی كوردستان چیە؟ كام سیسته‌مه‌یان زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌گونجێت؟

د.یوسف محەمەد وتی“ پێش هه‌موو شتێك گرەنتی پاک و بێگەردی هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ ئێستا ڕه‌نگه‌ ڕێكاره‌كان ئاسانتر بووبن به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا تۆماری بایۆمه‌تری له‌ عێراقدا هه‌یه‌،‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و تۆماره‌ بایۆمه‌تریه‌ سوودی لێ ببینرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تۆماره‌ بایۆمه‌تریه‌ بكرێت به‌ بنه‌ما بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی تر بنه‌ما نه‌بێت، هەروەها ‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ش بدرێت له‌ڕێگه‌ی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و چاودێری نێوخۆیی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش له‌ڕاستیدا سیسته‌می فره‌بازنه‌یی مامناوه‌ند به‌ سیسته‌می ڕێژه‌یی هه‌ڵبژاردن هه‌تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌توانێت دادپه‌روه‌ری بهێنێته‌كایه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، دادپه‌روه‌ری له‌ نوێنه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵك بهێنێته‌كایه‌وه‌ و وابكات كه‌ ناوچه‌جیاوازه‌كان نوێنه‌ری ڕاسته‌قیه‌نی خۆیان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌شت بازنه‌ یان لانی كه‌م چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ئێستا بۆته‌ پێویستیه‌كی حه‌تمی، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق قه‌زا بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو هه‌تا ئاستی قه‌زا بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن وردكرایه‌وه‌، مه‌عقول نییه‌ ئێستا هه‌موو هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێش به‌غداد بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێش ناوچه‌كانی تری عێراق ڕزگاری بووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌عس به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ زۆر زۆر له‌دوای عێراقه‌وه‌ین، من ده‌زانم ئه‌وه‌ی عێراقیش ته‌واو عه‌یار نییه‌ ئێمه‌ خۆمان ڕه‌خنه‌مان لێی هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌كو باسمكرد له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌شت بازنه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌سته‌به‌ر نه‌بوو لانی كه‌م چوار بازنه‌ بێت، به‌ سیسته‌می ڕێژه‌یی هه‌ڵبژاردن ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام بدرێت كه‌ دادپه‌روه‌ری بۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی خه‌ڵك بێنێته‌كایه‌وه‌ . “

“ هەڵبژاردن بە ڕێککەوتنی سیاسی نییە......به‌ڕاشكاوی دەڵێم ئه‌م حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێواری ڕووخانه‌“

دوێنێ یەکشەممە د.ڕێواز فایەق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند“ كۆمیسیۆن ئه‌گه‌ر دروست بكرێته‌وه‌ به‌ته‌نها ڕه‌هه‌نده‌ یاساییه‌كه‌ی نییه‌ به‌ڵكو ڕه‌هه‌ندێكی سیاسیشی هه‌یه‌ پێویسته‌ دوباره‌ دروستبكرێته‌وه“
به‌ڕای تۆ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ ده‌توانێت ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ دروستبكاته‌وه‌ و به‌بێ سازانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان؟

لە وەڵامدا د.یوسف محەمەد وتی“یاسای كۆمیسۆنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پێویست ده‌كات لانی كه‌م سازان هه‌بێت له‌دانانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن، ئه‌وه‌ش ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان متمانه‌یان به‌ كۆمیسیۆن هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌ڵبژاردن ته‌نها ڕێككه‌وتنی سیاسی نییه،‌ به‌ڵكو ته‌وقیقاتی ده‌ستوری و یاسایی و ده‌سته‌به‌ركردنی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌، واته‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ڕێكه‌وتنی سیاسی نییه‌، ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌چنه‌ به‌رده‌م خه‌ڵك به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن بۆماوه‌ی چوار ساڵ متمانه‌یان وه‌رگرتووه‌، له‌دوای چوار ساڵه‌كه‌ ناتوانرێت نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك بكه‌ن بۆیه‌ جیا له‌ ڕێككه‌وتن من پێموایه‌ و ئه‌مه‌ش باوه‌ڕی نه‌گۆڕم بووه‌ كه‌ پاراستنی ته‌وقیقاتی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان كه‌ پێویسته‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرێت و نه‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی به‌ڵكو هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردن و نوێكردنه‌وه‌ی كاری ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان یان په‌نا بردن بۆ كۆمیسیۆنی عێراق بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ری نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بكرێت له‌گه‌ڵیدا له‌كاتی خۆی و له‌ واده‌ی خۆی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت چونكه‌ من به‌ڕاشكاوی دەڵێم ئه‌م حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێواری ڕووخانه‌، له‌ شكستی گه‌وره‌دایه‌ و شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌ و خه‌ڵك بڕوای پێی نییه‌، وه‌ باشترین ڕێگا بۆئه‌وه‌ی هه‌م له‌ ناوخۆ له‌ داروخان پارێزراو بێت و له‌گه‌ڵ به‌غدادیش شێوه‌یه‌كی تر له‌ په‌یوه‌ندی بێته‌كایه‌وه‌ بریتیه ‌له‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌م شێوازه‌ی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، وه‌ زۆر پێویسته‌ به‌زووترین كات هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك گوزارشت له‌ ڕای خۆی بكات شێوازێكی تر له‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بێته ‌كایه‌وه‌. “

“ دەتوانرێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانە لە کۆی سیستمی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان بدرێت“

“ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێویستی به‌ ڕێكه‌وتنی لایه‌نی سیاسی نییه‌ به‌ڵكو ته‌وقیتێكی یاسایی و ده‌ستورییه‌، من هۆشداریه‌ك ده‌ده‌م لێره‌وه‌ كه‌ به‌ دووری نابینم هه‌ر دواخستنێكی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان یان ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی نا پاک و بێگەرد و نه‌گونجاو و به‌وشێو‌ازه‌ كۆنه‌ هه‌ردووكیان چ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان چ ئه‌نجامدانه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوودا كۆی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌ له‌هه‌ر داوایه‌ك كه‌ له‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تۆمار بكرێت. “د.یوسف محەمەد وای وت. “

واته‌ ده‌توانرێت له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ داوا له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت بۆ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنیش بخرێته‌ گه‌ڕ؟

لە وەڵامدا د.یوسف محەمەد وتی“ له‌ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن و مه‌سه‌له‌ی ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی نه‌زیهیش به‌ڵێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق داوا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و شه‌رعیه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێمی كوردستان تۆمار بكرێت.“

ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستای هەرێمی کوردستان کە خۆت وتت ویلایەتی یاساییان نەماوە، لەمکاتەدا به‌بێ گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌ برد، ده‌توانێت له‌به‌رده‌م دادگای فیدڕاڵی بێت، وه‌كێ ده‌توانێت ئه‌م سكاڵایانه‌ تۆمار بكات؟

وەڵامەکەی د.یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو“ هه‌ركه‌سێك زیانمه‌ند بێت له‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بڕوات له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌وقیقاتی یاسایی و ده‌ستوری له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ڕه‌چاونه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمیسیۆنه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ی برد ده‌توانرێت بڕیاری ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ربچێت كه‌ كۆمیسیۆن نوێ بكرێته‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات شه‌رعیه‌تی نییه‌ به‌ڵێ ده‌توانرێت له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار بكرێت. “

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی د.یوسف محەمەد Mar 28-022