لە ئێرانێکی فرە نەتەوەدا مەسەلەی دابینکردنی ئازادی بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی تێیدا دەژین بابەتێکی جێگای باس و دەمەتەقە بووە. کوردیش وەک یەک لە نەتەوەکان بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە رێژیمەکانی پێشوو، هەم شا و هەم حکوومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی مافەکانیان پێ شێل کردوون. ئایا مەسەلەی کورد لە ئێراندا بۆ حکوومەتی داهاتوو چەندە گرنگ دەبێت؟
ئەم تەورە لە گەڵ دوو میوانی بەرنامەی ڕوانگە:
کەریم ئەڵڵاوەیسی، چالاکی سیاسی لە نۆڕوێژ
جەماڵ نەجاڕی، نووسەر لە فەرانسە تاو و تۆ دەکرێت.
ئەڵڵاوەیسی پێی وایە کە کورد لە کوردستانی ئێراندا لە هەموو نەتەوەکانی دیکە بۆ هەر ئاڵ و گۆڕێکی ئامادەترە، بەڵام هەر چەند یەکگرتوویی لە نێوان چەند پارتی کوردستان دا پێک هاتووە، پێویستە ئەم هاوبەندییە بەرفرەوانتر بکرێتەوە. هەروەها لە ئاستی سەرانسەریش دا یەکیەتی نەتەوەکانی دیکەی ئێران گرنگە، بە ئەو مەرجەی هاوکاری یەکتر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، نەجاری بۆچوونی وایە کە لە ئێستادا، ئاسۆیەکی گەش بۆ پرسی کورد لە داهاتووی ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نابینرێت. وەک خۆی دەڵێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کاتێک ئێمە سەیری ڕووداوەکان دەکەین و چاو لە هێزی ئۆپوزسیۆن لە دەرەوەی ئێران دەکەین -کە کوردیش بەشێک لە ئەو هێزە ئوپوزسیۆنە- دوای زیاتر لە چل ساڵ حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا کورد نەیتوانیوە خۆی لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بەرجەستە بکاتەوە و نایەکگرتووییەکی بەرچاو لە نێویاندا دیارە کە هەڵبەت یەکگرتوویی بۆ خەڵکی کوردستان گرنگی خۆی هەیە.
Your browser doesn’t support HTML5