بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەندێک لایەنی عێراقی دژی دەوڵەتداری و ڕاستکردنەوەی سستمی حوکمڕانین، بۆیە بارەگای لقەکەیان دەکرێتە ئامانج و دەسوتێنرێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هیچ مەترسیەک نیە لەسەر دروستبوونی درز لەنێوان هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سوننە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و سەبارەت بەهۆکاری ڕووخاندنی بارەگاکەیان لەبەغدا، دوای ئەوەی لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە سوتێنرا، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، دەڵێت "ئێمە پارتێکی سیاسین و تەمەنێکی درێژی خەباتمان هەیە، ئەمە دووەم جارە بارەگامان دەسوتێنرێت و چەندین جاریش بۆمبیان هاویشتووەتە نێو لقەکەمانەوە، حکومەتی عێراقیش نەیتوانی بارەگاکەمان بپارێزێت، بۆیە مومارەسەکردنی سیاسەت لەبەغدا ئەستەم بووە."
شوان محەمەد ڕوونیشیکردەوە، ڕووخاندنی بارەگاکەیان بە واتای نا بەردەوامیان نیە لە خەبات، بەڵکو ئاسایش لە بەغدا بەرقەرار نیە و حکومەت دەسەڵاتی نیە، وتی"یان دەبێت ملکەچ بیت بۆ ئیرادەی هەندێک لایەن، یان بارەگات دەسوتێنرێت، بەڵام ئێمە وەکو پارتی ئیرادەی پۆڵاینمان هەیە و داکۆکیکەرین لەخواستی میللەتەکەمان، سوتاندنی بارەگاکەشمان ئامانجی سیاسی لەپشتەوە بوو، چونکە لەگەڵ چەند لایەنێکی عێراقی دەمانەوێت سستمی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی هەندێک لایەنی نا دەوڵەتی نیە، ئەوان حەز لەدەوڵەتداری ناکەن و دژین، ئەوانەشی هێرش دەکەنە سەر بارەگاکەمان، لە عێراق باڵادەستن و چەکیان لایە، بەداخەوە زمانی چەک لەعێراق زاڵە."
سەبارەت بەوەی هیچ سەقفێکی زەمەنیان دیاریکردووە بۆ کردنەوەی بارەگاکەی بەغدایان یاخود نە، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دەڵێت"خەبات و تێکۆشانمان بەردەوامە و پەیوەست نیە بە بوون و نەبوونی بارەگا، ئێمە دەمانەوێت سەربەرزانە کاربکەین، ئامادەنین ملکەچی هیچ ئیرادەیەکی سیاسی وڵاتانی دراوسێ و ناوخۆ بین، سوتاندنی بارەگاش کارێکی ناتەندروستە."
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی هەن لەسەر ڕووخاندنی بارەگای بەغدای پارتی، بەوەی یاریەکی سیاسی بووە و دەیانەوێت بارەگایەکی نوێ لەسەر زەوی بارەگا ڕووخاوەکە دروست بکەن، شوان محەمەد وتی"ئەو کەسانەی وادەڵێن، ناتوانن هەڵوێستی سیاسی شەریفانە و مەدەنیانەیان هەبێت و دژ بە زمانی ئاگر و ئاسن بوەستن، بۆیە پاساوی لەو جۆرە دێننەوە و ڕوودەکەنە هەندێک بابەتی لاوەکی، پارتی بەو جۆرە بیری نەکردووەتەوە، گەر ئێمە ئەو بینایە نۆژەن بکەینەوە، لەپاش دەستەبەربوونی ئاسایش و سەقامگیری، باڵەخانەیەک بۆ لقەکەمان دروست دەکەین، کە شایستە بێت بە گەڕەکی کەرادە، کە جوانترین گەڕەکی بەغدابوو، ئێستا بووەتە شاری پاشەڕۆ."
بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، ڕەتیکردەوە تویتی کادیرەکەیان لەسەر مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق گوزارشت لەبۆچوونی حیزبەکەی بکات، وتی"پارتی و جەنابی سەرۆک ڕوونکردنەوەیان داوە، ڕەوشتی پارتی ڕێزگرتنە لەپیاوانی ئاینی، لێدوانی هەندێک کەس پەیوەست نیە بە گوتاری سیاسی پارتی، گوتاری سیاسی پارتی ڕوونە چۆن گوزارشت لە ڕەوشی عێراق دەکات."
جارێکی تر پەرلەمانی عێراق لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار شکستی هێنایەوە، لەوبارەیەوە بەرپرسی لقی بەغدای پارتی وتی"ڕەوشی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزە، نیساب تەواو بێت و نەبێت، هاوپەیمانێتیەکەمان کە پێیدەوترێت ڕزگاری نیشتیمانی، خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانین و دەمانەوێت حوکمڕانی بخەینە سەر ڕاستەڕێ، هەندێک لایەن دەیانەوێت پەرلەمان پەک بخەن و ئێمە دەمانەوێت کارای بکەینەوە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، بەدووری زانی بتوانرێت درز لەنێوان هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەیان دروست بکرێت، وتی"هیچ مەترسیەک نیە، هاوپەیمانێتیەکەی ئێمە بۆ دابەشکردنی کێک و پۆست نیە، بەڵکو دەمانەوێت سستمی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە."
Your browser doesn’t support HTML5