جارێکی تر پەرلەمانی عێراق لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار شکستی هێنا، ئەوەش لەکاتێکدایە لایەنە عێراقیەکان تا ئێستا لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتوون، ئەمەش عێراقی توشی چەقبەستوویی سیاسی کردووە.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە، لەکۆی 329 پەرلەمانتار، بەڵام شەمەی ڕابردوو، هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە 202 پەرلەمانتاریان کۆکردەوە و نەیانتوانی نیسابی یاسایی تەواو بکەن، هەروەها ئەمڕۆ چوارشەمەش، جارێکی تر پەرلەمانی عێراق لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار شکستی هێنایەوە.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەراورد بە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوو، ئەمڕۆ 26 پەرلەمانتار کەمتر چوونە نێو دانیشتنی پەرلەمان، بۆیە دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کوتلەکان سەنگی خۆیان بزانن و بچنە سەر مێزی گفتووگۆ."
وتیشی"تا ڕۆژی 6 ی مانگی داهاتوو دەرفەتی ڕێککەوتن هەیە، لەوە بەدواوە دەچینە بۆشایی دەستوریەوە."
گەر تا ڕۆژی 6 ی مانگی داهاتوو، لایەنە عێراقیەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەون، عێراق لە قەیرانی سیاسیەوە بۆ قەیرانی یاسایی هەنگاو دەنێت، چارەسەرکردنی قەیرانە یاساییەکەش، پێویستی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت.
هەرچەندە دوای شکستهێنانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، هادی عامری سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن نیشاندا، بەڵام موقتەدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر جارێکی تر پێداگیری لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کردەوە، ڕایگەیاند"چەقبەستوویی لەدابەشکردنی کێکەکە باشترە."
شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ڕوونیکردەوە، گەر تا ڕۆژی 6 ی مانگی داهاتووش سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێ، ڕەنگە دەرەچەی یاسایی بدۆزرێتەوە، وتی"عێراق لێوانلێوە لە قەیران، عێراق هیچ ڕۆژێک بێ قەیران نەبووە."
لایەنە سیاسیە عێراقیەکان بۆ سەر چەند بەرەیەک دابەشبوون، بەرەی هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی کە لەپارتی و ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە پێکهاتووە و زۆرترین کورسیان هەیە و هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەدەن، لەبەرامبەریشدا لایەنە شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی داوای ڕێککەوتن دەکەن و درزی نێوانیشیان تا دێت قوڵ دەبێتەوە.
لەکاتێکدا هەوڵی درزخستنە نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە چڕکراوەتەوە، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی ڕەوتی سەدر دەیەوێت ژمارەی پێویست بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆبکاتەوە، بۆئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە هاوسەرۆکی یەکێتی کردووە، بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکەن بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، بەڵام مەلا کەریم شکوری جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دەستبەردارنەبوون لە پۆستی سەرۆک کۆمار، وتی"ئەوەی من بزانم، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای کاندیدی هاوبەشی بۆ سەرۆک کۆمار کردووە، بەڵام ئێمە ئامادەی ئەوەنین، چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار بە پشکی خۆمان دەزانین."
تا دێت عێراق لە تەواوبوونی ئەو وادەیە نزیک دەبێتەوە کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دەرەچەیەک بۆ ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بەقەیرانی سیاسی نەدۆزراوەتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5