فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی بڕیاربوو بۆ پاراستنی بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنرێت، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئیش و کارەکانیان تەواو کراوە، بەڵام حکومەتی عێراق کەمتەرخەمی تێدا دەکات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، دەڵێت"جوڵەی داعش لاوازە، بۆ هەر ناوچەیەک دەگەڕێنەوە و دەیانەوێت حەشارگە دروست بکەن، ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین و دەریان دەپەڕێنین."
وتیشی"لەسنوری ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی نزیک خورماتوو، دەیانەوێت حەشارگە دروست بکەن، کاتێک هەست بە جوڵەی پێشمەرگە دەکەن، ناوچەکە جێدەهێڵن و دەڕۆن بەرەو نێو ئاوارە عەرەبەکانی نزیک پەڵکانە."
چەند مانگێک لەمەوبەر جوڵەی داعش هێندە چڕبوو، کەم شەو پەلاماری پێشمەرگە و سوپای عێراقیان نەدەدا، بەڵام ماوەیەکە هێرشەکانیان ڕاگرتووە و مەترسی سەرهەڵدانەوەی هێرشەکانیان لەمانگی ڕەمەزاندا هەمیشە هەبووە، لەوبارەیەوە لیوا ڕوکن مەریوان وتی"حەتمەن لەڕەمەزاندا جوڵەیان هەبووە و هەمیشە بۆ کات گەڕاون تا بجوڵێن، بەڵام تائێستا جوڵەیان سستە، هەرچەندە ڕەنگە لەماوەی 24 سعاتدا، دەست بەجوڵە بکەن و جوڵەکانیان دەگۆڕێ."
دەربارەی ئەو لیوا هاوبەشانەی بڕیاربوو بۆ پاراستنی بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنرێت، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە وتی"پێشمەرگە ئامادەکاری تەواوی بۆ پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان کردووە و مەشقی پێکردوون، لە ئامر فەسیلەوە تا ئامر فەوج و فەرماندەی لیوا دیاریکراوە، فەرمانەکانیان بۆ دەرچووە، بەڵام حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە، بێگومان گەر ئەو بۆشاییانە بەهێزی هاوبەش پڕبکرێنەوە، جوڵەی داعش نامێنێت."
شەوی ڕابردوو و لە ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەمەزاندا، داعش هێرشەکانی لە پارێزگای دیالەوە دەستپێکردەوە، پەلاماری چەند خاڵێکی سەربازی سوپای عێراقی دا و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی داعش و هێزە عێراقیەکان ڕوویدا.
Your browser doesn’t support HTML5