نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ دەدات لەسەر ‌دەرکردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ بدات لەسەر ئەگەری هەڵپەساردنی ئەندامێتی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی کردارەکانی لە ئۆکرانیا.

بۆ دەرکردنی ڕووسیا لەو ئەنجومەنە پێویستە دوو لەسەر سێی 193 ئەندامەکەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ بدەن بە بڕیارەکە.

ئەو ئەنجومەنەی بنکەی لە ژنێڤە، بە شێوەیەکی زۆر دامەزراوەیەکی سیمبولییە، بەڵام دەتوانێت داوای لێکۆڵینەوە لەسەر سەرپێچیکردنی مافەکانی مرۆڤ بکات.

ڕووسیا لە دووهەم ساڵی خولی سێ ساڵەی ئەنجومەنەکەدایە. لە سەرەتای ئەم هەفتەیە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تامس گرینفیڵد بوونی ڕووسیای لە ئەنجومەنەکە بە "گاڵتەجاری" ناوبرد و داوای لابردنی کرد.

لەوەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دووەوە، ئەنجومەنی گشتی دوو بڕیاری بۆ شەرمەزارکردنی کردارەکانی ڕووسیا پەسەندکردووە.