وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ڕایگەیاند کە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 16 بە تورکیا لە بەرژەوەندی درێژخایەنی واشنتن و ناتۆدا دەبێت.
ئەنکەرە مانگی10 ی ساڵی ڕابردوو داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف-16ی دروستکراوی لۆکهید مارتین و نزیکەی 80 کیتی نوێکردنەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی کردبوو.
کۆشکی سپی تا ئێستا بە ئاماژەدان بە پێویستی پێداچونەوە بە داواکاریەکەی تورکیا لە ڕێگەی پڕۆسەی فرۆشتنی چەکە ستانداردەکانەوە، ڕەتیکردبووە لەو بارەیەوە لێدوان بدات.
دوای کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس-400ی ڕووسیا لە لایەن ئەنکەرەوە کە بوو بە هۆی ئەوەی تورکیا لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بخرێتە سەر و لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 دووربخرێتەوە، فرۆشتنی چەک لە لایەن واشنتنەوە بە تورکیا بوو بە پرسێکی جێگای مشتومڕ.
نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 6ی ئەم مانگەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە، پشتیوانیکردنی تورکیا لە ئۆکرانیا بە "چارەسەرێکی گرنگ دژ بە کاریگەری نەخوازراوەکان لە ناوچەکەدا" ناودێر دەکات.
نامەکەی کۆشکی سپی وەڵامی نامەیەکی زیاتر لە 50 یاسادانەری ئەمەریکایە لە4ی مانگی 2دا بۆ بەڕێوەبەرایەتی بایدن کە تێیدا بە ئاماژەدان بە پابەندنەبوونی ئەردۆغان بە ناتۆ و "پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ" لەو وڵاتەدا، داوایان لە بایدن کردبوو کە دواکەی ئەنکەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 لە ئەمەریکا ڕەتبکرێتەوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز