ئەنجومەنی سینات کەتانجی براون جاکسن بۆ دادگای باڵا پەسەند دەکات

دادوەر کەتانجی براون جاکسن لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بۆ دادگای باڵا پەسەندکرا، بەمەش دەبێتە یەکەم دادوەری ڕەش پێستی ژن لە باڵاترین دادگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

دادوەر کەتانجی جاکسن وەک 116هەمین دادوەر بۆ دادگای باڵا پەسەندکرا بە پشتیوانی هەر دوو پارتەکە، بە دەنگی 53 سیناتۆر بەرامبەر47 سیناتۆر.

سێ سیناتۆری کۆماری کە بریتی بوون لە سوسان کۆلینز لە ویلایەتی مەین، لیسا مورکاوسکی لە ویلایەتی ئالاسکا و میت ڕۆمنی لە ویلایەتی یوتا دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی سەرجەم 50 سیناتۆرە دیموکراتەکەی ئەنجومەنەکە و پشتیوانیان لە پاڵێوراوی سەرۆک بایدن و جێگری سەرۆک کامڵا هێرس کرد.

هەڵبژاردنی دادوەر کەتانجی وەک یەکەم ژنی ڕەش پێست بۆ ئەم پۆستە باڵایە بە هەنگاوێکی گەورە دادەندرێت لە بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو و ڕەگەزە جیاوازەکان لە ئەمەریکادا.

سەرۆک جۆو بایدن لەگەڵ دادوەر کەتانجی براون جاکسن لە کۆشکی سپی، پێنجشەممە 7 ی مانگی چواری 2022

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانەکە لە ئەنجومەنی سینات، سەرۆک بایدن پیرۆزبایی لە دادوەر کەتانجی کرد.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، دایک و باوکی دادوەر کەتانجی پێشتر لە قوتابخانەی تایبەت بە ڕەش پێستەکان و جیاکراوە لە سپی پێستەکان خوێندنیان تەواوکردووە. ئەو دادوەرە هەر لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی بە زیرەکی و لێهاتووی ناسراوە و لە خوێندنی باڵا بە پلەیەکی بەرز بەشی یاسای لە زانکۆی هارڤارد تەواوکرد.

کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ئەویش پیرۆزبایی گەرمی لە دادوەر کەتانجی کرد.

جاکسن دەستبەجێ پۆستەکە وەرناگرێت، دادوەر ستیڤن برایەر هەتا کۆتایی خولی دادگای باڵا لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، واتە تا وەرزی هاوین خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی خانەنشین بێت، پاش بەجێهێشتنی کورسییەکەی جاکسن جێی دەگرێتەوە.

بە گوێرەی دەستوری ئەمەریکا دادوەرەکان دەتوانن هەتا کۆتایی تەمەنیان لە پۆستەکانیان بمێننەوە "بۆ دڵنیابوونەوە سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی دادوەرەکان لە فشاری حزبی." لە هەمان کاتدا، دەستور ڕێگە نادات کە موچەی دادوەرەکان کەمبکرێتەوە بۆ پاراستنیان لە گوشاری حزبی.