هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی تێکشکاندووە کە بنکەیەکی سەربازی کردبوو بە ئامانج

بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار عێراق

هاوپەیمانێتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای دژ بە داعش لە عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) سەربازی تەقاندووەتەوە کە بنکەیەکی سەربازی کردبوو بە ئامانج، ڕایشیگەیاند هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

هاوپەیمانێتییەکە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکیدا گوتی "سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازی نەناسراوی تێکشکاندووە کە دەچووە بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەدەوە."

لە بەیاننامەدا ڕایشگەیەندراوە هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی و دارایی نەبووە و ڕووداوەکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەو بنکەیەی لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدایە دەکەوێتە بیابانەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبارەوە.

هێرشەکە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە چوار سەربازی ئەمەریکایی برینداربوون کاتێک مووشەک بەر بنکەیەکی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمەریکا کەوت لە پارێزگای دێرەزۆری سوریای دراوسێ.

دەیان مووشەک و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم چەند مانگەی دواییدا سوپای ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانیانی لە عێراق کردووەتە ئامانج.

بەرپرسانی ڕۆژئاوا گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن. لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ، ‌هێزی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشکاندووە کە بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان کردبوو بە ئامانج.

چوار ساڵ پاش ئەوەی حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی داعشی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوودا کۆتایی بە ئەرکی جەنگی لە عێراق هێنا.

بەڵام هێشتا نزیکەی 2،500 سەربازی ئەمەریکا و نزیکەی 1000 سەربازی هاوپەیمانان لە سێ بنکەی سەربازی ژێر دەسەڵاتی عێراقدا ماونەتەوە لە ناویاندا بنکەی عەین ئەسەد، ئەرکی ئەم هێزانە ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزی نیشمانی عێراقییە.