نۆزدە ساڵ پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن، سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح دەڵێت وڵاتەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت

لە نۆزدەهەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق،سەرۆکی ئێستای عێراق دەڵێت دوای دوو دەیە له‌ ئه‌زموونی حوكمڕانی، وڵاتەکە به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و گه‌یشتوەتە‌ بنبه‌ستی سیاسی.

بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی تویتەردا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت " 9 ی نیسان ساڵیادی كه‌وتنی ڕژێمی سته‌مكارییه‌ له‌ عێراق كه‌ زۆرێک تاوانی دڕندانه‌ی دژ به‌ خه‌ڵكی عێراق ئه‌نجامدا و تواناكانی مرۆیی و ماددی عێراقییه‌كانی له‌ جه‌نگ و ململانێكاندا به‌فیڕۆدا، ئه‌م یاده‌ ده‌رفه‌ت و بۆنه‌یه‌كی گونجاوه‌ تاوەکو چاوێك ‌به‌ ئه‌زموونی سیاسی دوو دەیەیی رابردوودا بخشێنینه‌وه‌.

ناكرێت ئه‌و وه‌چه‌رخانه‌ گه‌ورانه‌ نادیده‌ بگرین كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003 وه‌ هاتوونه‌تە ئاراوه‌، هاوكات پێویسته‌ كه‌موكورتییه‌كانیشمان له‌به‌رچاو بێت و ناكرێت هه‌میشه‌ پاساو بۆ شكسته‌كانمان بێنینه‌وه‌ به‌وه‌ی به‌ میرات له‌ ڕژێمی پێشووەوە بۆمان ماونه‌‌ته‌وه‌‌."

هەروەها دەشڵێت "دوای دوو دەیە له‌ ئه‌زموونی حوكمڕانی وڵاته‌كه‌مان به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و گه‌یشتوینه‌ بنبه‌ستی سیاسی و ئیستحقاقه‌ ده‌ستورییه‌كان له‌ ئانوساتی یاسایی خۆیاندا جێبه‌جێ نه‌كراون، دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ 5 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌م دۆخه‌ قابیلی قبوڵكردن نییه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی پیشوه‌خته‌ داواكاری شه‌قام بوو تاوه‌كو ببێته‌ میكانیزمێكی چاكسازی و مسۆگه‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و باشتركردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكارییه‌ ره‌واكانیان.

به‌رده‌وامی ئه‌م ته‌نگژه‌ سیاسییه‌ی ئێستا سه‌رده‌كێشێت بۆ دۆخێكی مه‌ترسیداری ئه‌وتۆ كه‌ هه‌موومان لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان رۆڵ و ئه‌ركی میژوویی و نیشتمانی و ئاكاری خۆیان بگێڕن له‌ پته‌وكردنی یه‌كڕیزی نیشتمانی ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆییه‌كی جددی بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی تێیكه‌وتوین، هه‌روه‌ها پێویسته ‌په‌له‌ بكه‌ین له‌ پێكهینانی حكومه‌تێكی نیشتمانی به‌هێز و كارامه‌ كه‌ بتوانێت له‌ سایه‌ی گۆڕانكارییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات بپارێزێت و رووبه‌ڕووی ئاڵێنگارییه‌كان ببێته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش دۆخی ناله‌باری ئابووری."

سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەکەیدا جەخت لە گرنگی هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکەش دەکاتەوە و دەڵێت " ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن سه‌لماندی كه‌ پێویستی زۆرمان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه كه‌ پێشتریش ئاماژه‌یان پێدابوو‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ما و سازانێكی نیشتمانی كه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات ده‌ستی پێبكه‌ین، ئه‌و به‌ندانه‌ هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ به‌ربه‌ست و هۆكاری گه‌یشتن به‌ بنبه‌ستی سیاسی، گه‌نده‌ڵیش به‌ڵا و ئافاتێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌كات و پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی جددی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین و به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌، كاربكه‌ین له‌ پێناو دابینکردنی یه‌كسانی لە نێوان عێراقییه‌كان له‌ ئه‌رك و مافدا، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ پێداچوونه‌وەو ده‌ركردنی چه‌ند بڕیارێكی چاكسازی هه‌یه‌ كه‌ له‌ راستگۆیی و ئیراده‌یه‌كی یه‌كگرتووی نیشتمانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.‌"

سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمیش لە تویتێکدا یادی یەم ڕۆژە دەکاتەوە و دەڵێت "یادی شەهادەتی بیرمەندی چاکسازیخواز و خەباتکاری ڕێگای دادگەری؛ ئایەتوڵڵا محمد باقر الصدر دەکەینەوە. هاوتا بوونی ساڵیادی شاهەدەتیان لەگەڵ ڕۆژی کەوتنی ڕژێم لە 9ی نیسان، دەرفەتە بۆ جەختکردنەوە لە پێویستی پەیڕەوکردنی چاکسازی و دادگەری لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ئەوەی ئاواتەکانی گەل بێنە دی."

سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەیی هەرێمی کوردستانیش لە تویتێکدا ڕایگەیاند " 19 ساڵ پاش ڕووخانی پەیەکەری دیکتاتۆر سەدام حسێن لە مەیدانی فیردۆس. عێراقییەکان و خەڵکی کوردستان هیوایەکی زۆریان هەبوو بۆ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی پاش دەیان ساڵی تاکڕەوییەتی، بەڵام زۆرێک لەم چاوەڕوانیانە نەهاتنەدی. دەبێت ئەو ئامانجانەمان لەبیربێت کە لە ڕۆژانی ئۆپۆزسیۆندا دانراون."

19 ساڵ لەمەوبەر لە 9 ی مانگی 4 ی ساڵی 2003 پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چوونە ناو بەغداوە، ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی سەدان حسێن ڕووخا و خەڵکی لە مەیدانی فیرۆدس پەیکەری سەدام حسێنیان ڕووخان، ئەم دیمەنەش بوو بە سیمبولی شەڕی عێراق.