بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم: داوامان کردووە حکومەت پێش مووچەی فەرمانبەران پارەی دەرمانی نەخۆشخانەکان بدات

دکتۆر ڕەهێل فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە ڕایگەیاند کێشەی دەرمان لە کوردستاندا هەیە و لیژنەی بەدواداچوونی وەزارەتی تەندروستی داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە کە پێش مووچەی فەرمانبەران بە شێوەی نەختیەنە پارە و دەرمانی نەخۆشخانە تەندروستیەکان دابین بکرێت و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش بەردەوامن.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە کەمی دەرماندا لە نەخۆشخانە حکومیەکاندا درابێت بە نەخۆش، دەشڵێت لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست کراوە.

دکتۆر ڕەهێل فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " کێشەی دەرمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سلێمانی بووە و لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی دروستکراوە و پێشنیاریەکانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە وداوامان کردووە پارەی دەرمان بە نەختینە بدرێت بە بەڕێوبەرایەتیەکان بەهیچ شێوەیەک دەرمانی ماوەبەسەرچوو بەکار نەهاتووە، هەر هاوولاتیەک دەرمانی لەو جۆرەی وەرگرتووە دەتوانێت بە بەڵگە پێمان بدات ".

سەبارەت بە نەخۆشخانەی بریندارانی چەکی کیمیاوی کە پێویستیەکی زۆری بریندارانی چەکی کیمیاویەو هێشتا ئیستیلامی کۆتایی بۆ نەکراوە، ئەو ڕایگەیاند" لەگەڵ ئەوەی کێشە و کەم کورتی هەبووە و دەبوو لەدوای ساڵێک کۆمپانیای جێبەجێکار دابینیان بکات نەیکردوە ، ئێمە داوا لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەین کە کەم و کورتیەکان تەواو بکەن وبەڵێنیان داوە گرفتەکان چارەسەر بکەن ".

لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بودجەی کۆڕۆنا دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ پێداچوونەوە بەو بڕە بودجانەدا ناردە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە وڕاپۆرتێکیان لەسەر خراپ بەکار هێنانی بودجەکە بڵاو کردەوە.

دکتۆر ئازاد مستەفا قادر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند " چاودێری دارایی دووساڵە دێنە هەڵەبجە بۆ پێداچوونەوە،بەڵام هیچ گەندەڵیەکی ئیداری نەدۆزیوەتەوە ، ئەوەی کردومانە لە چوار چێوەی حاڵەتی تەواریدا بووە بۆ نەخۆشەکان ".

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا دامەزراندن بۆ نەخۆشخانەی بیارە لە هەورامان دەکرێتەوە، وگرفتەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وابەستەی ئەو قەیرانە داراییە لە هەرێمی کوردستان هەیە .

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی-گرفتی نەخۆشخانەکان