دادگایەکی ڕووسیا داوای سەربازێکی زیندانیکراوی ئەمەریکی بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەی ڕەتدەکاتەوە

دادگایەکی مۆسکۆ ڕۆژی سێشەممە داوای پێداچوونەوەی سەربازێکی ئەمەریکایی ڕەتکردەوە بۆ سزای9 ساڵ زیندانیکردنی بە تۆمەتی هێرشکردن بۆ سەر دوو پۆلیسی ڕووسیا کە ڕەتیدەکاتەوە ئەو کارەی ئەنجامدابێت.

ترێڤەر ڕیدی تەمەن 30 ساڵ کە خەڵکی تەکساسە دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی ئەوەی ژیانی دوو ئەفسەری پۆلیسی ڕووسیای لە کاتی سەرخۆشبوون لە سەردانێکدا بۆ مۆسکۆ خستوەتە مەترسییەوە، دەستگیرکرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دادگاییکردنەکەی ناوبراوی بە شانۆیەکی بێمانا ناودێر کرد.

ئاژانسی هەواڵی تاس کە سەر بە حکومەتی ڕووسیایە لە زاری دینارا موسڵێموڤا، گوتەبێژی دادگاکە بڵاویکردەوە کە داواکارییەکەی ڕید بۆ پێداچوونەوە لە دژی تاوانبارکردنەکەی یەکەمجار دەڕواتە دادگایەکی بەرایی بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت خۆی بە مادەکانی کەیسەکەی ئاشنا بکات.

موسڵێموڤا دەڵێت دوای ئەم کارە دۆسیەکە دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە.

جۆن سولیڤان باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ڕۆژی سێشەممە گوتی"زۆر نائومێد بوو لەوەی جارێکی تر دادپەروەری ڕەتکراوەتەوە."

باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆ گوتی "ئەمڕۆ بڕیاری داواکارییەکەی بۆ پێداچوونەوە یەکلانەکرایەوە و ترێڤۆر بەهۆی تاوانێک کە ئەنجامی نەداوە، لە زینداندا دەمێنێتەوە."

دایک و باوکی ڕید لە مانگی 3 دا ڕایانگەیاند کە ناوبراو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە زیندانیکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا مانی لە خواردن گرتووە و سەرەڕای مەترسی تووشبونی بە نەخۆشی سیل، بەڵام لە چاودێری تەندروستی پێویستیش بێ بەشکراوە.

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایانگەیاندووە کە ڕید کۆتایی بە مانگرتنی لە خواردن هێناوە و لە ناوەندی پزیشکی زیندانەکەیدا چارەسەری بۆ دەکرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز