هەوڵەکانی ئێران و لایەنە شیعەکان بۆ درزخستنە نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان، ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونە بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای مانگی ڕەمەزان، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانەکە و کێشمەکێشەکان سەرهەڵبداتەوە.
موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، 40 ڕۆژی وەکو وادە بۆ هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دیاریکرد، تا بەبێ ڕەوتەکەی، حکومەت پێکبهێنن، بەڵام تا ئێستا ئەوانیش سەرکەوتوو نەبوون لە پێکهێنانی حکومەت.
شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆخی چەقبەستوویی عێراق، تا دوای مانگی ڕەمەزان بەردەوام دەبێت، دواتر گەڕێکی تری دانوستانەکان دەست پێدەکاتەوە."
تا ئێستا تەنها عەرەبی سونە ڕێککەوتنی نێوخۆیی ئەنجامداوە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بردووە، لەکاتێکدا شیعە لە نێو خۆیدا لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و کوردیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکە.
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەفدێکی ئێران سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆبووەتەوە، داواکاری وەفدەکە لە پارتی بریتی بووە لە چوونە دەرەوە لە ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لەسەر کاندیدێکێ هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
پێش سەردانەکەی وەفدی ئێران بۆ لای پارتی، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە کردووە و پێشنیاری چەند وەزارەتێکی بۆ کردووە، گەر ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە، بەڵام تاڵەبانی پێشنیارەکەی ڕەتکردووەتەوە، بۆیە دواتر سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بافڵ تاڵەبانیان لە بەغدا بەسەر کردووەتەوە.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بێ ئاگایی خۆی لە ناوەڕۆکی گفتووگۆی نێوان موقتەدا سەدر و بافڵ تاڵەبانی دەربڕی، وتی"هەوڵەکانی ئێران بەو ئاراستەیە حکومەتی تەوافقی پێکبهێنرێت و چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداربن لە حکومەتدا، هەوڵیش دەدرێت بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی فراوان بکرێت."
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ درزخستنە نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە، تائێستا ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بە بێ لایەنە شیعەکانی تر، بۆیە لەئێستادا قسەلەبارەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکرێت، گەر دۆخەکە بگاتە بنبەست.
شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی، گوتی"ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونەش تا ئێستا پابەندن بەڕێککەوتنی نێوانیانەوە."
دوای شکستهێنانی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە ئێستادا تۆپەکە لەگۆڕەپانی هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیدایە و پێناچێت ئەوانیش سەرکەوتووبن، بۆیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدر و کارتە نوێ یەکانی دەستی دەکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5