ڕووسیا هۆشداری دەدات  چەکی ناوکی و مووشەکی هایپەرسۆنیک لەناوجەرگەی ئەوروپا جێگیربکات

یەکێک لەهاوپەیمانە نزیکەکانی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا بە ناتۆ کە ئەگەر سوید و فینلاند بچنە ناو ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەوە، ئەوا ڕووسیا چەکی ناوکی و مووشەکی هایپەرسۆنیک لە ناوچەیەک لە ناو جەرگەی ئەوروپادا جێگیر دەکات.

فینلاند کە 1300 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، لەگەڵ وڵاتی سوید خەریکی تاوتوێکردنی ئەو پرسەن کە بڕوەنە ناو هاوپەیمانی ناتۆ یان نا.

سەنا مارین سەرۆک وەزیرانی فینلاند ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر ئەو پرسە بڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت.

دیمیتری مدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند ئەگەر سوید و فینلاند بچنە ناو ناتۆوە ئەوکات ڕووسیا دەبێت سوپا و هێزی ئاسمانی و دەریایی خۆی لە دەریای باڵتیک بەهێز بکات.

میدڤێدێڤ هەروەها بە ئاشکرا باسی هەڕەشەی ناوکی کرد و گوتی چیتر ناکرێت قسە لەسەر باڵتیک بکرێت بە بێ چەکی ناوکی.

میدڤێدێڤ کە لە نێوان ساڵەکانی 2008 بۆ 2012 سەرۆکی ڕووسیا بووە گوتی "چیتر ناکرێت قسە لەسەر باڵتیک بە بێ چەکی ناوکی بکرێت و دەبێت هاوسەنگییەکە بگێڕدرێتەوە."

لە کاتێکدا پوتن لە ئێستادا سەرۆکی ڕووسیایە و بڕیادەری سەرەکی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لێدوانەکانی میدڤیدێڤ وەک ئەندامێکی باڵای ئەنجومەنی ئاسایش کە یەکێکە لە ژوورە سەرەکییەکانی بڕیاردانی پوتن لەسەر کێشە ستراتیژییەکان، دەتوانێت ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی کرملین بێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا گوتیشی هیواخوازە فینلاند و سوید بە ئەقڵ و لوژیک بیر لە پرسەکە بکەنەوە ئەگەر نا ئەوان دەبێت بوونی چەکی ناوکی و موشەکی هایپەرسۆنیک لە نزیک وڵاتەکەیان قەبووڵ بکەن.

ڕووسیا گەورەترین جبەخانەی چەکی ناوەکی جیهانی هەیە و لەگەڵ چین و ئەمەریکاش یەکێکە لەسەرکردە جیهانیەکانی تەکنەلۆژیای مووشەکی هایپەرسۆنیک.

ئەگەری بە ئەندامبوونی فینلاند و سوید لە ناو ناتۆدا کە لە ساڵی 1949 بۆ دابینکردنی ئاسایشی ڕۆژئاوا لە دژی یەکێتی سۆڤیەت دامەزراوە، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین دەرەنجامە ستراتیژییەکانی جەنگی ئۆکرانیا.

هێرشی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە 24ی مانگی 2 تاکو ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستادنی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی و ملیۆنان دانیشتووی ئەو وڵاتە.

پوتن دەڵێت "ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت" لە ئۆکرانیا پێویستە و دەشڵێت ئەمەریکا ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا و مۆسکۆش ناچارە بەرگری لە خەڵکی ڕووسیایی زمانەکانی ئەو وڵاتە بکات.

ئۆکرانیا بیانووەکانی مۆسکۆ بۆ ئەو شەڕە بە بێمانا و بێ بنەما ناودێر دەکات و دەڵێت دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەوەستێتەوە وشەڕ دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت پوتین تاوانبارێکی جەنگە و دیکتاتۆرە.