زانیاری ورد لەسەر غازی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی

غازی کێڵگەی کۆرومۆر بووەتە مایەی ناکۆکیەکی قوڵ لە نێوان دوو حیزبە سەرەکیەکەی هەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتین، هاوکات ئێران و تورکیاش بەرژەوەندی دژ بە یەکیان لە غازی هەرێمدا هەیە، بۆیە کێشەی غازی هەرێم بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

بڕی غازی هەرێمی کوردستان

بەپێی کۆتا ڕاگەیەنراوی کۆمپانیای داناغاز و هاوبەشەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر، لە ئێستادا ڕۆژانە 542 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنن، لەکاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای ناوخۆ، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە، ئەمە جگە لە غازی شلی ماڵان و سوتەمەنی.
محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، بەدەنگی ئەمەریکای گوت" لە هەرێم تەنها لە کێڵگەی کۆرومۆر غاز بەرهەم دەهێنرێت، کێڵگەکانی تر بەرهەمیان نییە و وەکو پێویست گەشەیان پێنەدراوە."
ڕوونیشیکردەوە، گەر کارەبای 24 کاتژمێری بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، خەڵک ڕۆژانە و لەوەرزی هاویندا، شەش گێگاو نیو کارەبای دەوێت، لەزستانیشدا پێویستی بە زیاتر لە شەش گێگا کارەبا هەیە، ئەمەش بەپێی لێکدانەوەی خودی وەزارەتی کارەبا، بۆ بەرهەم هێنانی ئەم بڕە کارەبا و ئیشپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، هەرێم ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیار و 600ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی دەوێت، وتی"گەر پشت بە کێڵگەی کۆرومۆر و داناغاز ببەسترێ و کێڵگەی چەمچەماڵیش بەتەنیشتیەوە پەرەی پێبدرێ، تا ساڵی 2025 بەرهەمی ئەو دوو کێڵگە ناگاتە ملیارێ پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا، بەڵکو دەگاتە 960 ملیۆن پێ سێجا، واتە تا ساڵی 2025 هێندە غازمان نابێت کارەبای پێویست بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەین، ئەمە جگە لە غازی شل و سوتەمەنی."
جەختیشیکردەوە"گەر هەرێم وەبەرهێنان لە غاز نەکات و کۆمپانیای بیانی نەهێنێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی تری وەکو میران و بنەباوێ، کێڵگەکانی چەمچەماڵ و کۆرومۆ تا ساڵی 2025 هێندە غازیان نابێت، بەشی خەڵکی کوردستان بکات، نەک فرۆشتن."

ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر غاز

بەپێی وتەی محەمەد حسێن ی بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر شەراکەت و هاوبەشیە لە گرێبەستی دروستکردنی بۆری غاز لە چەمچەماڵەوە بۆ دهۆک، بەتایبەت پلانەکە بەو شێوەیە، بەتەنیشت ئەو بۆریەی ئێستا هەیە، بۆ گەیاندنی غاز لە چەمچەماڵ و کۆرومۆرەوە بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ دهۆک بۆریەکی تر دروست بکرێت، وتی"وێستگەی کارەبا لەدهۆک هەیە، بەهۆی نەبوونی غاز بەتەواوەتی کوژاوەتەوە، ئامانج ئەوەیە غاز بۆ ئەو وێستگانە دابین بکرێت، دواتر گەر زیادیش بوو بفرۆشرێ."
محەمەد حسێن باسیلەوەشکرد، بڕیارە ئەو بۆریانە لەلایەن کۆمپانیای کار گروپەوە دروست بکرێت، بۆیە ناکۆکی دروستبووە لەسەر کۆی ئیدارەدانی ژێر خانی هەناردەکردنی غاز و دابەشکردنیشی لەناو کوردستاندا، وتی"پێدەچێت یەکێتی بیەوێت بەجۆرێکی تر پرۆسەی پەرەپێدانی ژێرخان و دابەشکردن و هەناردەکردنی غاز پەرەی پێبدرێت، یاخود قسەیان هەبێت لەوەی گرێبەست لەگەڵ کام کۆمپانیا بکرێت، ناکۆکیەکە لەسەر ئەمەیە، نەک جەوهەری ئیشەکە."
وتیشی"هەردوو حیزب هاوڕان لەسەر پەرەدان بە کێڵگە غازیەکان و زیادکردنی بەرهەم هێنانی غاز، چونکە بەهۆی شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیاوە، غاز خواستی زۆر لەسەرەو بازاڕەکەشی سەقامگیرترە بەراورد بە بازاڕی نەوت، بۆیە لەبەرژەوەندی عێراق و هەرێمە سود لەغازی کێڵگە نەوتیەکانیش وەربگیرێ، وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت و بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە."

غازی هەرێم لەنێوان ئێران و تورکیادا

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، پێیوایە ئێران و تورکیا لەمەسەلەی ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم دا، بەرژەوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە، ڕەنگە ئێران غازی هەرێم بەڕکابەری غازی خۆی دابنێت، چونکە غازی هەرێم گەر بدرێتە پارێزگاکانی عێراق، دەبێتە ڕکابەری غازی ئێران و بەشێک لە پشکەکانی لەبازاڕدا داگیردەکات.
ناوبراو وتی"گەر غازی هەرێم بەتورکیاش بفرۆشرێ، دیسان دەبێتە ڕکابەری غازی ئێران، بۆیە ئاساییە ئێران لەمە نیگەران بێت، بەڵام دۆخەکە بۆ تورکیا جیاوازە و بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە پەرەپێدانی کێڵگە غازیەکانی هەرێم، چونکە غازی هەرێم گەر بەتورکیا بفرۆشرێ، یاخود لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەی ئەوروپا بکرێت، هەر سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و بەرژەوەندیە بۆ تورکیا."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر