تورکیا ناوچەکانی زرگان و گوندی تەلتەمری باکوری شاری حەسەکە تۆپباران دەکات

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ناوچەکە، ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:30 خولەکی پاش نیوەڕۆ، گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی زرگان لە لایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراون و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە ڕۆژی چواری ئەم مانگە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، کە هاوڵاتییەکی سڤیل لەگەڵ سێ لە ئەندامانی خێزانەکەی لە ناحیەی زرگان بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون، هەروەها زیانی مادیش بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان گەیشتووە.

لە سەرەتای مانگی چوارەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا، بەردەوام هێرشیان کردۆتە سەر باکوری قەزای تەلتەمر و ناحیەی زرگان.

لە لایەکی دیکەوە لە هەمان ڕۆژدا گوندنشینانی باکوری ناوچەی تەلتەمریش لەلایەن تورکیاوە هێرشی قورسیان کرایە سەر.

ئەو گوندانەی کە لەلایەن بۆردوومانەکانی سوپای تورکەوە کراونەتە ئامانج بریتین لە: دەرەرا، تیلەوێرد، ئەلئەسەدیە، تیلشێنان، تلکۆما، ئومیلکێف، تلکێفچی، تەویلە.

لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، سەدان هاوڵاتی گوندەکانیان چۆڵکردوە و بەرەو ناوچە ئارامەکان هەڵاتوون.

جێگای ئاماژەیە، کە لە سەرەتای مانگی چوارەوە ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر ناوچە سنوورییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی تەلتەمرەوە بۆ ناوچەی عەین عیسا.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەربازی تەلتەمر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە، سوپای تورک و گروپە چەکدارەکانی سوریای سەر بە تورکیا، ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێی بەرفراوانتر دەکەن.

لەلایەکی ترەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەدا دەنوسێت" لەگەڵ مایکڵ ئیریک کوریلا فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (CENTCOM) کۆبوویەوە."

مەزڵوم عەبدی، باسی لە کێشەکانی هەرێم کرد و گوتی" بەڕێوەبەری نوێی سێنتکۆم بەڵێنی دا کە پارێزگاری لە سەقامگیری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات."

شارەزایان پێیان وایە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوانی نوێی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە لەم کاتەدا گونجاو نییە.

شارەزا دیلبرین زێلۆ دەڵێت "ئەم ریکا ڕێگە نادات تورکیا هێرشی نوێ ئەنجام بدات."

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی چواردا سوپای تورکیا چوار هێرشی قورسی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا.

بە وتەی چاودێرانی ناوخۆ، دوای کۆبوونەوەیەکی هەواڵگریی نێوان سوریا و تورکیا بە سەرپەرشتی ڕووسیا هێرشەکانی ئەم دواییانە ئەنجامدراون، لە سەرەتای مانگی چوارەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئەم ناوچانە چڕکردۆتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی زانا عومەر/ هێرشەکانی تورکیا