دیاردەی خۆڵبارین و مەترسیەکانی لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی تا دێت زیاتر دەبن، مامۆستایانی زانکۆ دەڵێن دروستکردنی بەنداو لە ئێران و تورکیا لەسەر سەرچاوە ئاویەکانی عێراق وایکردووە ڕێژەی ئاو کەم بێتەوە، سەرەڕای بوونی وشکە ساڵی و زیادبوونی دیاردەی بە بیابانبوون کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە عێراق زیاد دەبێت، ئەوەش وایکردووە بە بەردەوامی شەپۆڵی خۆڵبارین لە عێراق هەبێت و کاریگەریشی لەسەر هەرێم هەبێت.
لە ژێر ناونیشانی خۆڵبارین، لێکەوتە و چارەسەر هەریەک لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە و کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە بە بەشداری ژمارەیەک لە مامۆستایانی پسپۆڕی زانکۆ پانێلێکی زانستیان لەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی خۆڵبارین لە هەرێم و هۆکارەکانی لە عێراق لە هەڵەبجە ڕێکخست.
دکتۆر کارزان عەبدوڵا ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سەرچاوە ئاوییەکان کە لە ئێران و تورکیاوە دێنە عێراق بە بێ ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕێژەی ئەو ئاوەیان بۆ عێراق کەم کردوەتەوە و دیاردەی بە بیابانبوون لە عێراق زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی خۆڵبارین زیاتر بێت."
دکتۆر عوسمان عبدولرحمان یەکێک لە پانێلیستەکان کە لەسەر خۆڵبارین و تەندروستی مرۆڤ قسەیکرد لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " خۆڵبارین بووەتە دیاردە و کاریگەری لەسەر زەوی و مرۆڤیش هەیە، کە دەکرێت نەخۆشیەکان بگوازێتەوە یان دروستیان بکات لە جەستەدا، ئەوەی کە هۆکاری زیاد بوونیەتی وشکەساڵی کاریگەری هەیە لەسەر کەم بوونەوەی شێ و زیاد بوونی وشکانی."
دکتۆر سەحەر حوسێن مامۆستای زانکۆ و پانێڵیست لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە جیهاندا کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەر هاتووە و کاریگەریە نەرێنیەکانی مرڤیش لەسەر سرووشت زیادی کردووە، ڕێژەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بە گشتی کەم دەکاتەوە، ئەو دارەختانەی کە گەڵاکانیان پانن کاریگەریەکان لەسەریان زیاترە."
دیاردەی خۆڵبارینی چڕ ساڵ بە ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێی توێژینەوەکان زیاد دەکات، کاریگەریەکانی هێندە زیادیان کردووە، لە هەفتەی پێشوودا و لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 20 هاووڵاتی بەهۆی خۆڵبارینەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی فراوان لە هاووڵاتیان دووچاری گرفت بوونەوە، ناوەندە کەشناسیەکان لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
Your browser doesn’t support HTML5