تورکیا و پەکەکە زانیاری جیاواز لە بارەی شەڕی ناوچە سنورییەکان بڵاودەکەنەوە

ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا کە لە ژێر ناوی "کلیل چنگ" دەستیپێکردووە بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم بەردەوامە، هەردوو لایەنی شەڕکەریش زانیاری جیاواز لە بارەی ئەنجام و ئامانجی شەڕەکەوە بڵاودەکەنەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی پەکەکە، تورکیا لە پێنج قۆڵەوە هێرشی بۆ سەریان دەستپێکردووە، ئەو پێنج قۆڵەش بریتین لە ناوچەکانی( چیای ڕەش، وەرخەلی، ئاڤاشین، کوروژارۆ و ئەشکەفتا بریندارا)، کە لە ڕۆژی 15 ی مانگەوە تا ئێستا، لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانیەوە، تورکیا 150 هێرشی بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجامداوە و بەردەوامیش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەسوڕێتەوە و بۆمبارانی ئەو ناوچانە دەکات.

بەرپرسانی پەکەکە ڕەتیدەکەنەوە تورکیا پێشڕەوی کردبێت و بەپێی قسەی وتەبێژەکەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا، تەنها لە ناوچەی ئاڤاشین تورکیا پێشڕەویەکی کەمیکردووە، بەڵام کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاوی کردەوە، پرۆسەی (چنگی کلیل) وەکو ئەوەی پلانیان بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت و هێزەکانیان پێشڕەوی کردووە.

هیچکام لە لایەنی تورکیا و پەکەکەش زانیاری لە بارەی زیانەکانیان لە شەڕەکەدا نادرکێنن، زانیاری جیاوازیش لە بارەی زیانەکانی یەکتری دەخەنەڕوو، زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"تا ئێستا 46 سەربازی تورکیا کوژراون، کە یەکێکیان پلەی لیوای هەیە، 30 سەربازیشیان بە سەختی برینداربوون."

بەڵام لایەنی تورکیا ئەو ژمارانەی پەکەکە ڕەتدەکاتەوە و زیانەکانی پەکەکە لە ئەنجامی هێرشەکانیان دەخاتەڕوو، کە بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری تورکیا، 26 گەریلای پەکەکەیان کوشتووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا، چەکدارانی پەکەکە ئامانجی هێرشەکەیانە و دەیانەوێت مەترسی ئەو هێزە بۆ سەر وڵاتەکەیان لەناوبەرن، وەک وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە"ئامانجمان گەمارۆدانی تیرۆر و کۆتایی پێهێنانیانە لەنێو مۆڵەگەکانیان"، بەڵام وتەبێژی کەجەکە ڕەتیدەکاتەوە ئەوان ئامانجی هێرشەکانی تورکیا بن و پێیوایە ئەوان کراونە پاساو.

زاگرۆس هیوا گوتی"خۆ هێزی ئێمە لە باشیک و لای موسڵ نیە، ئەی بۆ هێرش دەکرێتە سەر ئەوێ، ئامانج ئێمە نین، بەڵکو ئامانج موسڵ و کەرکوکە."

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێم، گەر ڕاستەوخۆ شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەی لێکەوتبێتەوە، ئەوا لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە، ناکۆکی قوڵی لە نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دروستکردووە و یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

زاگرۆ هیوا وتەبێژی کەجەکە، لەلێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە گەمارۆ خستنە سەر ئەو ناوچانە تۆمەتبارکرد، کە تورکیا هێرشی بۆ سەریان دەستپێکردووە، گوتی"پارتی لە ڕووی زانیاریەوە هاوکاری تورکیا دەکات، ڕێگەش نادات چەک و تەقەمەنی و خۆراک بڕوات بۆ ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە، ناوچەی واش هەیە لە ساڵی 1982 ەوە پەکەکەی لێ یە، کەچی پارتی هێزی بۆ بردووە."

لەبەرامبەردا ڕێبوار عەبدولرەحیم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و جەختیکردەوە هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لەو شەڕە هەڵگیرساوەی دەمێکە بوونی هەیە.

ناوبراو، وتی"پەکەکە جگە لەوەی پاساوی داوەتە دەست تورکیاوە تا هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێم، بۆری دەتەقێنێتەوە و زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت، ئەمەی پەکەکە دەیکات شەڕێکی دروستکراوە و تەنها خەڵک و خاکی هەرێم لێی زەرەرمەند دەبێت."