گوتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە بارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت و ئاماژە بەوەدەکات، گەرچی پارتی کرێکارانی کوردستان بیانووی هێرشەکانی تورکیان، بەڵام ئامانج لە هێرشەکان ڕوون نین و دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تورکیا لەو بارەیەوە گفتووگۆ بکەن.
هەڵوێستی ڕەوتی سەدر
سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر خاکی عێراق ڕەتکردەوە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"سەماحەتی موقتەدا سەدر لە بارەی هێرشە دووبارە بووەوەکانی تورکیای دراوسێوە بە ئاراستەی عێراق، هەڵوێستی خۆی دەربڕیووە، پێداگیرە لەسەر پاراستنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەتایبەت تورکیا، بەڵام دەبێت پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوو لایەنە بێت، سەروەری عێراق لە ئاسمان و زەویەوە پێشێل نەکرێت، گەر لایەنە دبلۆماسیەکانی تورکیا وەڵامیان نەبێت لە بارەی دەستدرێژیەکانەوە، وەڵام دەدرێنەوە لە داهاتوودا، هەموو دەستدرێژیەکان ڕەتکراوەن، چونکە سەروەری عێراق ڕێزلێگراوە و لەلایەن هەمووانەوە دەپارێزرێ."
ئامانجی هێرشەکانی تورکیا
گوتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕوونیکردەوە، ڕوون نەبوونی ئامانجی هێرشەکانی تورکیا مایەی گرفتە، لە ماوەی ڕابردوودا بیانوویان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە، گوایە بوونیان مەترسیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری تورکیا، گوتی"گەر واشبێت، دەبێت بە گفتووگۆ و ڕاگۆرینەوە، کێشەکان چارەسەر بکرێن، تا سنور بۆ ئەوە دابنرێت کە پێیدەوترێت مەترسی پەکەکە لەسەر تورکیا."
تورکیا و موسڵ
دەوترێت ئامانج لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی عێراق پێشڕەویکردنە بەرەو موسڵ و پەکەکە تەنها بیانووە، لەو بارەیەوە سەڵاح عوبەیدی دەڵێت"مەبەستەکە ڕاستە یان نە، خراپە یان نە، زۆر گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە ئەمە دەسترێژیە و ڕەتکراوەیە، گەر لە ڕووی سیاسیشەوە بیانووی تورکیا شتێک لە قەبوڵکردنی تێدا بێت، ئەوا دەبێت کێشەکە بە لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تورکیا چارەسەر بکرێت."
تۆمەتبارکردنی پارتی
لە بارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێن، گوایە هێرشەکانی تورکیا بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵی، وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت"دەبێت ئەو لایەنەی تۆمەتەکەی ئاراستەی کراوە خۆی وەڵام بداتەوە، ئەمە تۆمەتبارکردن نیە هێندەی ئەوەی شیکردنەوەی سیاسیە، ئێمە چاوەڕێی وەڵامی برایانمان لە پارتی دەکەین، ئایا هەماهەنگی هەیە لەگەڵیان یاخود نە، گەرچی بەدووری دەزانین پارتی ئەم هێرشانەیان قەبوڵ کردبێت."
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی عێراق، گەر پێکدادانی ڕاستەوخۆی لە نێوان تورکیا و پەکەکە لێکەوتبێتەوە، ئەوا کاردانەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش دروستکردووە و لایەنەکان یەکتری تۆمەتبار دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5