30 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا

بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لە 25ی مانگی چواری ساڵی 1992 دامەزرا ئەویش بەهەوڵێكی زۆری چەند كەسایەتیەكی دڵسوز. لەسەرەتادا بەشی كوردی تەنها 5 كارمەندی هەبوو، و ماوەی پەخشی بەرنامەكان لەسەر ڕادیۆ تەنها 15 خولەك بوو، بەڵام لەپاش دوو مانگ ژمارەی كارمەندان بۆ 9 کارمەند زیادیکرد، و ماوەی بەرنامەكانی بوون بە 30 خولەك. لە مانگی یازدەی هەمان ساڵ كارمەندان بوون بە 11 و ماوەی بەرنامەكان بوو یەك كاتژمێر زیادكران.

لەمانگی یەكی ساڵی 2003 واتا بەر لە شەڕی كەنداوی دووەم و ڕزگاركردنی عێراق بە چەند مانگێك ماوەی بەرنامەكان بۆ چوار كاتژمێرزیادكران و ژمارەی كارمەندان بوو بە 22 و لە مانگی چواری هەر هەمان ساڵدا بوو بە 27 كارمەند. پاش شەڕی داعش و زۆربوونی هەواڵەكانی ناوچەكە لە ساڵی 2015 وە ژمارەی كارمەندان گەیشتە 31 و لەگەڵیدا پەیامنێرانی بەشی كوردی زیادكران، و بوونەتە سەرچاوەی هەواڵ نەك تەنها بۆ بەشی كوردی بەڵكو بۆ تەواوی دەنگی ئەمەریكا.

لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و كۆمپیۆتەر و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت بەجیهاندا بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لە ساڵی 2003 وە ماڵپەڕی خۆی كردەوە بە هەردوو زاراوە، و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێگەی نوێ دەگرێتەبەر بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی وپەیوەندیكردن لەگەڵ جەماوەرەكەیدا لەوانە فەیسبووك و یوتیوب و تویتەر وئینساتگرام.

کارمەندانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا

لە بواری تەلەفیزیۆندا لە 23ی مانگی چواری ساڵی 2012 دەستكرا بەپەخشكردنی بەرنامەكانی ڕادیۆ لە ڕیگەی تەلەفیزیۆنەوە تاوەكو زیاتر خەڵكی بە بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا ئاشنابن. پاشان بەرەو بەرنامەی تەلەفیزیۆنی هەنگاونرا.

ئەمساڵ دەنگی ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز پێشوازی لە 30 ساڵەی دامەزراندنی کرد و پەخشی تەلەڤزیۆنی خۆی زیاد کرد، و لەم یادەدا بەرنامەی کورد كۆنێكشن کە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە،بە هاوکاری تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی پێشتر هەفتەی دوو جار پێشکەس دەکرا، ، بۆ لەمەودوا هەفتەی پێنج جار پێشکەش دەکرێت.

بەشی کوردی بە زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی، بە هەواڵ و چاوپێکەوتن و بابەتی سیاسی و فەرهەنگی و تەندروستی و تەکنۆلۆژیا و کلتور و هونەر، و بەرنامەکانی تەلەڤزیۆنی و چەندین بەرنامەی تری لە بوارەکانی دیکەی ژیان بەردەوامە. تێکرای بەرنامەکانی بەشی کوردی لەسەر دوو ماڵپەڕی سۆرانی وکرمانجی بڵاو دەکاتەوە، و ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی ڕەنگاوڕەنگی پەیامنێرانی هەرێم و ئەمەریکا دەگەیەنێتە بینەرانی.