چەند پێشنیارێک بۆ دەربازکردنی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی تاوتوێ دەکرێت، هاوکات هەوڵی ئێران و هێزە شیعەکانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان سەدر و پارتی و عەرەبی سونە بەردەوامە، چاوەڕوانيش دەکرێت دوای مانگی ڕەمەزان، هاوکێشە سیاسیەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەفدێکی ئێرانی سەردانی هەولێریان کردووە، دواتر چوونەتە سلێمانی و لەوێشەوە بەرەو پارێزگای ئەنبار بەڕێکەوتوون بۆ دیداری سەرکردە سونەکان، بەڵام هێشتا هەوڵەکان چوارچێوەی پێشنیاریان تێنەپەڕاندووە.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"تاکە چارەسەر بۆ دەربازبوونی عێراق لە چەق بەستوویی، تەنازولی هاوبەشە لە نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، دوورنیە دوای جەژن ئەمە ڕووبدات، چونکە ڕەوتی سەدر لەوە تێگەیشت کە ناتوانێت زۆرایەتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەدەست بهێنن و دەسەڵاتی ئایندە بگرێتە دەست."
جەختیشیکردەوە"تەنها سەدر پێداگیری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەکات، لە کاتێکدا پارتی و عەرەبی سونە نایانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە پارتی و سونە سەرقاڵی دۆزینەوەی خەتێکن، تا گەر سەدر بووە ئۆپۆزسیۆن، ئەوان هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت."
دوای شکست هێنانی لە تەواوکردنی نیسابی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر 40ڕۆژی وەکو وادە دایە هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی تا بێ ئەو، حکومەت پێکبهێنن، بەڵام وادەکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و ئەوانیش سەرکەوتوو نەبوون لە پێکهێنانی حکومەت.
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردوون، چەند پێشنیارێک بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی خراونەتەڕوو، لەوانە درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵەح و کازمی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵیدا نین.
هەروەها جێهێشتنی ململانێکە بۆ نێوماڵی شیعی بێ دەستوەردانی کورد و سونە، دواتر ڕێککەوتنی نێوخۆیی کورد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، گەر ڕێککەوتنیش نەکرا، ململانێکە لەنێو پەرلەمانی عێراق لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە.
لە پاڵ ئەو پێنشنیارانەدا، هەوڵی چڕیش بۆ درزخستنە نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە لە ئارادایە، گەرچی تا ئێستا هەوڵەکان بۆ لە یەکترازانی ڕەوتی سەدر لە یەکتری سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام لە نێو عەرەبی سونەدا گرفت دروستبووە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی شێخ عەلی سەلمانی ئەمیری هۆزەکانی ئەنبار بۆ سەر حەلبوسی.
لابردنی دۆسیەی یاسایی لەسەر ڕافع عیساوی سەرکردەی عەرەبی سونە و هەندێک سەرۆک عەشیرەتی داواکراوی خاوەن پێگەی ئەنبار، بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ دروستکردنی ڕکابەر بۆ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، بەهۆی پێداگیریان لەسەر هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە و وەلانانی هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە پێیوایە، دەرکردنی بڕیاری گرتن بۆ ڕافع عیساوی و تاریق هاشمی و سەرکردەکانی سونە، بڕیاری سیاسی بووە نەک یاسایی، چونکە لۆژیکی نیە تۆمەتی تیرۆر بدرێتە پاڵیان، گوتی"هەوڵ هەیە بۆ بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک سەرکردەی سونە بۆ لاوازکردنی حەلبوسی، نکۆڵی لێناکەم، دروستبوونی درزیش چاوەڕوانکراوە، چونکە هاشمی و عیساویش کەسایەتی سیاسین و خاوەن پێگەن."
لای خۆشیەوە هۆشیار عەبدوڵا ڕوونیکردەوە، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی کازمی، دەبێت سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردرێت و جارێکی تر متمانە بەو حکومەتە بدرێتەوە، هەوڵی جدیش هەیە بۆ درزخستنە نێو هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی، گوتی"پەرلەمانتارە سونەکان وردە وردە بەرەو لای هەماهەنگی دەچن، بۆیە حەلبوسی و پارتیش هەوڵیان هەیە بۆ گفتووگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی."
گوتیشی"یاریەکە لای سەدرە نەک لایەنەکانی تر، چونکە گەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆنیش کۆسپی گەورە لەبەردەم حکومەتی داهاتووی عێراق دروست دەکات، بەڵام ڕەنگە تەنازولاتی هاوبەش ڕووبدات."
سەرباری سەردان و پەیوەندی گرتنی لایەنەکان عێراقیەکان لەگەڵ یەکتری، بەڵام هەموو چاوەکان لەسەر گەڕانەوەی موقتەدا سەدرن بۆ نێو یاریەکە لەدوای جەژنی ڕەمەزان، چونکە ئەو ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە یەکلایی کردنەوەی ئاراستەی کێشمەکێشە سیاسیەکان.
Your browser doesn’t support HTML5