لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ئەگەر ئەو هێزانەی ناو شەنگال چۆڵی نەکەن پێویستە حکومەتی عێراق بە چەک دەریانبکات

Abdul Khaliq Talaat

پێکدادانی نێوان سوپای عێراقی و گروپە چەکدارەکان ناو بەناو لە شەنگال دروست دەبێت، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت“ خاڵێکی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێم ئەوەیە دەبێت هەرچی گروپی چەکدار لەناو شەنگال هەیە بە پەکەکە-شەوە دەربچن لە شەنگال، بەڵام تا ئێستا ئەو خاڵە جێبەجێ نەکراوە ئەو چەکدارانە لەوێ ماون، دەشڵێت“ ده‌بێت حكومه‌تی عێراقی بڕیارێك ده‌ربكات كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ چۆڵی نه‌كه‌ن واپێویست ده‌كات چه‌ك به‌كاربهێنێت بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه‌ له‌ناو شه‌نگال، هه‌تا ئێستا ئه‌و هێزه‌ به‌كارنه‌هاتووه‌ بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانەی ناو شەنگال، لەبەرئەوە كێشه‌كه‌ وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، بەڵام تا ئێستا کە ئەو هێزە بەکارنەهاتووە لەبەرئەوەبووە کە دۆخی ناوچەکە نەگونجاوە. “

“ یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقی ئەوەیە...... “

لە سەرەتای قسەکانیدا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، سەبارەت بە گرژییەکانی شەنگال ئاماژەی بە خاڵی سەرەکی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی کرد لەسەر شەنگال، لەو ڕووەوە عەبدولخالق تەڵعەت وتی“ یه‌كێک له‌خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد له‌سه‌ر شه‌نگال ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ نایاسایانه‌ی كه‌ له‌ناو شه‌نگالن، هێزی چه‌كداری په‌كه‌كه‌یه‌ یاخود چه‌ند هێزێكی تری نایاسایی ناو شه‌نگال به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت له‌ شه‌نگال ده‌ربچن، بۆئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی شه‌نگال له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت چ له‌ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، له‌ڕووی دانانی قائیمقامه‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌ڕووی ئه‌منیشه‌وه، ‌ وابڕیاربوو پۆلیسی شه‌نگال دابمه‌زرێن هه‌زار بۆ دوو هه‌زار كه‌س له‌خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌، ده‌زگاكانی ئه‌منی له‌ئه‌ستۆی ئه‌وان بێت نه‌ك ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ شه‌نگالن، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ به‌ندێك له‌ناو به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هه‌تا ئێستا له‌شوێنی خۆیان جووڵه‌یان نه‌كردووه‌ و له‌ شه‌نگال ده‌رنه‌چوون و به‌جێیان نه‌هێشتووه‌. “

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی“ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ده‌رنه‌چن حكومه‌تی عێراق ناچارده‌بێت ده‌ریان بكات هه‌تا ئێستا ئه‌و هێزه‌ به‌كارنه‌هاتووه‌ بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانەی ناو شەنگال، كێشه‌كه‌ هه‌تا ئێستا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌. “

“چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شه‌نگال له‌دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد هاتۆته‌سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق “

سەبارەت بەوەی ئایا حكومه‌تی عێراق به‌نیازه‌ هێز به‌كاربهێنێت له‌وناوچانەی شەنگال‌ دژی ئه‌و هێزانه‌؟ بە تایبەت له ‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌و هێزه‌چه‌كدارانه‌ و سوپای عێراق ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌ شه‌نگال ئه‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ به‌كوێ گه‌یشت ئایا چه‌ندێك مه‌ترسی هه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ بسه‌نێت؟

لە وەڵامدا لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتی“ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ئێستا كه‌ ده‌بینرێت جموجۆڵی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ شوێنه‌كانی كه‌ هێزی چه‌كداری په‌كه‌كه‌ی لێیه‌ شانبه‌شانی ئه‌ویش ده‌بێت حكومه‌تی عێراقی بڕیارێك ده‌ربكات كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ چۆڵی نه‌كه‌ن واپێویست ده‌كات چه‌ك به‌كاربهێنێت بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه‌ له‌ناو شه‌نگال.“

ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ده‌رنه‌كرێن چی ڕووده‌دات ئایا توركیا دێته‌ شه‌نگال؟
وەڵامەکەی عەبدولخالق تەڵعەت بەمجۆرە بوو “ من ناتوانم له‌سه‌ر توركیا قسه‌ بكه‌م ، شه‌نگال سوپای عێراقی لێیه‌، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌ده‌وروبه‌ری شه‌نگال و له‌ناو شه‌نگال ئاوا به‌ئاسانی نییه‌ و بڕواناكه‌م ڕووبدات، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شه‌نگال له‌دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد هاتۆته‌سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق چۆن بڕیار ده‌دات و چاره‌سه‌ری ده‌كات ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكات. “

“ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ په‌كه‌كه‌ و به‌هیچ هێزێكی چه‌كداری تر له‌و ناوچه‌یه‌ تێك ناچێت “

پێشتر یەکێک لە سەرکردەکانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان هۆشداری ئەوەی دایە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر ئەوان هاوکاری سوپای تورکیا بکەن لە ئۆپراسیۆنەکەی لە ناو خاکی عێراق دژ بە چەکدارانیان، ئەوا شەڕ دەگوازنەوە ناو شارە گەورەکانی هەرێم؟
لە وەڵامی ئەو قسانەدا لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت“ به‌ڕاستی بڕیارێكی زۆر سه‌یره‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ وابڕیار ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێت هێرشه‌كان بێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان ئایا مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ كه‌ هێرشه‌كانی توركیا وابكات په‌كه‌كه‌ بێت بارودۆخی ئه‌منی كوردستان تێكبدات! ئه‌وه‌ش ده‌ستێكه‌ بۆ تێكدانی ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ سه‌دان ساڵه‌ خه‌باتی بۆ ده‌كرێت و هه‌وڵی بۆ ده‌درێت ئێستا به‌ده‌ستی كورد بێت له‌سه‌ر توركیا بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان تێكبدات، په‌كه‌كه‌ واپێویست ده‌كات ئه‌و شه‌ڕه‌ی بیه‌وێت بهێنێته‌ هه‌رێمی كوردستان بیباته‌ شوێنێكی تر و با بیباته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی خۆی مه‌به‌ستیه‌تی بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت كێشه‌ی كورد له‌توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان تێكبدات! بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ په‌كه‌كه‌ و به‌هیچ هێزێكی چه‌كداری تر له‌و ناوچه‌یه‌ تێك ناچێت له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی پته‌و، هێزێكی سوپای نیزامی هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌ بۆیه‌ واپێویست ده‌كات سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ ئه‌مجۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌ده‌ن به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كێشه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ده‌بێت بچن له‌كوێ هاتوون له‌وێ كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن. “

“ هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ی عێراق كردویه‌تی ته‌نها ئیدانه‌ی كردووه‌ “

سەبارەت بە هەڵوێستی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا و ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا؟
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق وتی“ هه‌تا ئێستا حكومه‌تی عێراق ته‌نها وه‌كو ئیدانه‌ ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ سوپای توركیا سه‌روه‌ری خاكی عێراقی به‌زاندووه،‌ تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێك نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر توركیا هێرشی كردۆته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ی لێیه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ هێزی په‌كه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌، واباسده‌كرێت كه‌ پێشتر حكومه‌تی عێراقی پێشووتر ڕێككه‌وتنی كردووه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، كه‌ توركیا ڕێگه‌ی پێبدرێت بێته‌ ناو خاكی عێراق به‌ مه‌به‌ستی ڕاوه‌دونانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ بۆیه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ی عێراق كردویه‌تی ته‌نها ئیدانه‌ی كردووه‌ و هیچ هه‌ڵوێستێكی تری نه‌بووه‌ له‌و بابه‌ته‌. “


“ پەکەکە زۆر ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە“

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت جەختیکردەوە“ په‌كه‌كه‌ زۆر ڕێگره‌ له‌جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ئاسانی نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌نگال ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی ڕێكوپێك و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن قائیمقام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی خۆمانه‌وه‌ نه‌كرێت، هه‌رشوێنێك له‌ناو شه‌نگال بازگه‌ی په‌كه‌كه‌ یاخود كۆنترۆڵی په‌كه‌كه‌ بێت بۆیه‌ هێزی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ هه‌تائێستا كه‌ نه‌توانراوه‌ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست حكومه‌تی عێراقی. “

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هۆکاری ڕێگرییەکەی ڕونکردەوە“ بڕیاری ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربچن له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێت له‌ناوچه‌ی شه‌نگال ده‌ربچن و ئه‌و شوێنانه‌ به‌جێبهێڵن بێگومان له‌ شوێنه‌كانی تر ناتوانێت وابه‌ئاسانی خۆی بگرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌دڵنیاییه‌وه‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌ به‌ڵام مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال وایكردووه‌ كه‌ دروستبوونی شه‌ڕ له‌ شه‌نگال له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بۆسه‌ر هێزی په‌كه‌كه‌ یان له‌هه‌ر جێگه‌یه‌كی تر به‌دڵنیایه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆزتر ده‌بێت ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت زیتر ئاڵۆزتر بێت و ڕێگربن له‌وه‌ی بتوانرێت جارێكی تر هێمنی و ئارامی بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌. “

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق زیاتر وتی“ ئه‌و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غداد كه‌ چه‌ند كه‌سانێك له‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ داده‌مه‌زرێنن به‌ پۆلیس، وه‌ قائیمقامیشی بۆ داده‌نرێت، وه‌ له‌ناو شه‌نگال هه‌موو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست قائیمقام و چوارده‌وریشی فه‌رمانده‌ی هێزه‌چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌یپارێزێت. “

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی قسەکانی لیوا عەبدولخالق تەڵعەت Apr 26-022