لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی داوکاریەکانیان و هەموارنەکردنەوەی یاساکانی کار و یاسایی خانەنشینی تایبەت بە کرێکاران، بەشێک لە لقەکانی سەندیکای کرێکاران هیچ مەڕاسیمێکیان بۆ جەژنی کرێکاران ئەنجام نەدا و وەک خۆیان دەڵێن هەموو ساڵێک چەندین پێشنیار و داواکاریمان گەیاندووەتە حکومەت بەڵام بێ وەڵام بوون، کرێکاران لەم دۆخە قەیراناویەدا بوونەتە قوربانی.
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو و لەسەر بڕیاری مەکتەبی تەنفیزی بەشێک لە لقەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان هیچ بەیانامە و داواکاریەکیان لە جەژنی کرێکاراندا نەخوێندەوە، وەک خۆیان دەڵین هەموو ساڵێک چەندین داواکاری و گردبوونەوە ئەنجام دەدەین بەڵام گوێ بۆ داواکاریەکانمان ناگیرێت و یاساکانی تایبەت بە کرێکاران جێبەجێ ناکرێت لەم ساڵیشدا کرێکارێک لە هەڵەبجە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
کارزان نەجمەدین سکرتێری لقی هەڵەبجە سەندیکاری کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەموو ساڵێک بەیانامە دەردەکەین بەڵام حکومەت وەڵام ناداتەوە، کرێکار کەمترین قورسایی لەسەر حکومەت، یاسای کار و یاسای خانەنشینی هەیە چەند ساڵە داوا دەکەین هەمواریان بکاتەوە بەڵام نایانکەنەوە، بۆیە ئەم داواکاریەکانمان ناگەنە حکومەت و حکومەت وەڵام ناداتەوە."
نەجات ئەمین کرێکارە و لە تیمەکانی پاککەرەوەی هەڵەبجەیە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەموو بەیانیەک تا ئێوارە کار دەکەین و ئەو بڕە پارەیەی کە وەریدەگرین زۆرکەمە، بەشێکمان کرێچین و بەشێکمان نەخۆشمان هەیە، ئەبێت ئەو بڕە پارە کەمەی وەریدەگرین بیدەین بە چارەسەر."
بەشێکی دیکە لە هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئاینی دەڵێن کرێکارەکان کەسانی ڕێز لێگیراون و پێویستە لەسەر هەموو خەڵکێک ڕێزیان لێبگرێت و مافەکانی خۆیان بە بێ کەم و کورتی پێبدات، عەبدول دائیم هەورامانی مامۆستای ئاینی دەڵێت "هەندێکیان بڕوانامەکانیان لە ئێمە بەرزترە بەڵام دەرفەتی کاریان لە حکومەت بۆ نەڕەخساوە."
لە سنوری لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان 740 کرێکار وەک ئەندام ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بەهۆی قەیرانی دارییەوە بەشێکیان موچەکانیان کەم کراوەتەوە و بەشێکی دیکەشیان وەک خۆیان دەڵێن مووچەکانیان سەرەڕای کەمیان دوا دەکەوێت، کە ڕۆژانە نزیکەی 8 کاتژمێر کاردەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5