لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات لە ساڵی 2021 تا کۆتایی مانگی چواری ئـەمساڵ 53 کرێکاری ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە.
هەنگاو عەبدوڵا سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئـەو یاسایانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەرکان و یاسای خانەنشینی لە پەرلەمانی کوردستانیش کە هەموارکراوە ئەوانە یاسای خراپ نین و هەموویان بەرژەوەندی کرێکارانیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی یاساکانە که وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن ئێمە هەمیشە بە لایەنە پەیوندیدارەکانمان ڕاگەیاندووە بۆ باشترکردنی بار و گوزەرانی کرێکاران پێویستە یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێت، ئەو کەموکوریەی لە ناو یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا هەیە ئەوەیە کە یاسا شۆفێرانی تەکسی و بارهەڵگرەکان و کرێکاری ڕۆژانە ناگرێتەوە کە بۆ ئەوانیش دەستەبەر هەبێت."
لە لایەکی ترەوە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە حكومهتی ههرێمی كوردستان، به بایهخ و ڕێز و پێزانینەوە، لە ڕۆڵ و خزمەت و ماندووبوونی كرێكارانی کوردستان له پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان دەڕوانێت، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و دهستەبهركردنی ژیانێکی باشتر و هەلومەرجی کارکردنی لەبارتر و تەندروستتر دووپات دەکاتەوە.
سەبارەت بە مووچەی کرێکاران و ژمارەی کرێکارانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران دەڵێت " بەپێی ئـەو ئامارەی کە لە وەزارەتی کار بڵاوکراوەتەوە 132 هەزار کرێکار دەستەبەر کراوە بەڵام کرێکارانی هەرێمی کوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترن، بەپێی دوایین پەسەندکردنی سەرۆکایەتی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نابێت هیچ کرێکارێکی دەستەبەرکراو مووچەکەی لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت بەڵام کرێکاران لە کۆمپانیا یاخود کارگەکان لەو پارەیە زیاتر وەردەگرن، وەلێ ئەو پارەیەی لەسەری رێککەوتوون بۆ کارکردن بۆ (ضمان) نانوسرێت چونکە دەبێت بۆ دەخلی سندوقی زەمان 12% لە لایەن خاوەن کارەکەی بدرێتە سندوق و 5% کرێکارەکە خۆی بداتە سندوقی (ضمان)، خاوەن کارەکان هەموو ئەو پارانەی کە کرێکارەکە لەسەری کار دەکات نانوسێت ئەمەش بە زیان بۆ ئایندەی کرێکارەکە ئەژماردەکرێت."
لە کۆتایی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاشکرایکرد بە بەپێی یاسا ئەو کەسانەی لە کەرتی گشتی دانەمەزراون و لە کەرتی ئەمنی و سەربازی و دیپلوماسیش نین ئەوانی تر هەموویان کرێکارن کە لە بەرامبەر کرێدا کار دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5