بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم: ژووری ئۆپەراسیۆنمان پێکهێناوە بۆ دەستگیرکردنی زیاتر لە 5000 داواکراو

حکومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکدەهێنێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە داواکراون، کە ژمارەیان (5920) داواکراوە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لەو (5920) کەسە، تا ئێستا (470) کەسیان دەستگیرکراون.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا تارق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، دەڵێت"ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لە سەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران پێکهێنراوە، کە من بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکەم بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە لایەن داداگانی هەرێمەوە داواکراون، ژوورەکە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکانی تێدایە و تا ئێستا سێ کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش ژووری لاوەکی پێکهێنراوە."

جەختیکردەوە"چوار مانگە دەست بەکاربووین، نزیکەی 470 تاوانبارمان دەستگیرکردووە لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە."

بەپێی نوسراوێکی پۆلیسی هەرێم کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، تا ناوەڕاستی مانگی 3 ی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانەوە داواکراوە گەیشتووەتە ( 5920) کەس، تا ئەو بەروارە تەنها (384) کەسیان لێ دەستگیرکراوە، بەڵام لیوا تاریق دەڵێت"470 کەسمان دەستگیرکردووە."

لیوا تارق وتیشی"ئەوانەی داواکراون جۆرەها تۆمەتباریان تێدایە، هەیانە کێشەی خێزانی هەیە، یاخود موبایلی دزیووە تا تۆمەتباری تاوانباری گەورە، بۆیە ژمارەکە زۆرە."

بەپێی نوسراوەکەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە داواکراوەکان سەربە هێزە چەکدارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانن، لەو بارەیەوە لیوا تارق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم بەدەنگی ئەمەریکای وت"زێرەڤانی هەموو چەکدارە تۆمەتبارەکانی ڕادەستی دادگا کردووە، دەزگای ئاسایشیش بەهەمانشێوە تۆمەتبارەکانیان ڕادەستکردووە و تەنها چەند کەسێکیان ماون، ئەوانیش فەسڵ کراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەمان لەهەرێم هەیە، ژمارەیەکی کەم پێشمەرگەی داواکراو ماون و ئەوانیش بەڵێنیان داوە ڕادەستی دادگایان بکەن."

دوێنێ دووشەمە، بەرەبەیانی جەژنی ڕەمەزان، لەلایەن نەقیبێکی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتنی هەرێم، خێزانێکی دانیشتووی ناوچەی چەمچەماڵ درانە بەر دەستڕێژی گولە و پێنج کەسیان لێکوژرا، دواتر نەقیبەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا.