خانمان لە هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە کەمی هەلی کار و جیاوازیکردن لە کرێی کارکردنيان بەراورد بە پیاوان

جیاوازی نرخ و شایستەی کارکردن بۆ خانمان بەراورد بە پیاوان لە هەرێمی کوردستاندا، نیگەرانی ژنان و چالاکوانانی لێکەوتووەتەوە، ئەوان دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەلی کارکردن بۆیان کەمترە بەراورد بە پیاوان، لە ڕووی نرخی کارکردنەوە پارەکەیان کەمترە و کاتژمێری کارکردنیشیان زیاترە لە پیاوان. ئاماژەش بەوە دەکەن خاوەنکارەکان خۆیان کرێ دادەنێنن بە بێ گەڕانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

شادان حەبیب خانمێکی هەڵەبجە و ماوەی چەند ساڵێکە لە دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان ئیش دەکات ئەو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەرەو پێشچوونی باش هەیە لە هاتنە دەرەوەی خانمان بۆ کار و وەستانیان لەسەر توانا و دەستەبەرکردنی داهات بۆ خۆیان، بەلام بەهۆی بێکاریەوە ناچار دەبن بە بڕە پارەیەکی کەم کاربکەن."

سەیران سەعیدی خانمێکە لە سنەوە هاتووەتە هەڵەبجە بۆ بەشداریکردن لە پێشەنگایەک و خستنە ڕووی بەرهەمەکانی ئەو لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " کردنەوەی پێشەنگاکان زۆرگرنگن، گرنگیشە بۆ ژنان لە پاڵ هاوسەرەکانیاندا کاربکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ڕێگری هەیە لە کارکردنی ژنان و خانمان."

شارا عەبدالکریم چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەڵەبجە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " مایەی خۆشحاڵیە ژن ئێستا لە سەرجەم سێکتەرەکان هاتووەتە پێشەوە، بەڵام ئێستا لە نرخ و کاتژمێری کارکردن بۆ ژنان جیاوازە، ئەم جیاوازیانە گەر کار لەسەر کەمکردنەوەیان نەکرێت بە دووری نازانین ژنان پاشەکشێ بکەن لە بازاڕدا."

لە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی لە ڕێگەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەڵەبجەوە زیاتر لە 70 خانم لە بوارە جیاوازەکانی ڕستن و چنین و جوانکاری کۆکراونەتەوە، بەڵام نەبوونی بازاڕ و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان گرفتی گەورەیانە، ئێستا ئەو ژنانەی لە سێکتەرە جیاوازەکان و لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بڕی مووچە و کاتژمێری کارکردنیان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بۆ دادەنرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی/ کارکردنی خانمان