فەرماندەی لیوای 144 ی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی غەڕەوپەڵکانەی نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو، کە ناوچەکەی بە یەکێک لە پێگە سەرەکیەکانی داعش لە عێراق هەژمارد دەکرێت ئاماژە بەوەدەکات، چەکدارانی داعش لە ناوچەکە تێکەڵەن لە کورد، عەرەب و تورکمان، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە یەکێک لە چەکدارەکان کوردە و لاقێکی لە دەستداوە و بەردەوام لە ناوچەکەدایە.
لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید جەمال وارانی فەرماندەی لیوای 144 ی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت"داعش پێشتر هێزی زۆری لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە هەبووە، بەڵام دوای تێکدانی بنکە و بارەگاکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگەدا، ئێستا چەند مەفرەزەیەکیان لەناوچەکەدا ماوە."
جەختیشیکردەوە"تاکتیکی داعش بەکارهێنانی قەناس و تەقەکردنە لە ڕەبیەکان، بەشێوەیەک قەناس بەدەستی شارەزایان لەگەڵدایە."
فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاشکراشیکرد، چەکدارەکانی داعش لە ناوچەی غەڕەوپەڵکانە تێکەڵەن لە کورد، عەرەب و تورکمان، گوتی"هەندێک لە چەکدارە کوردەکانی داعش خەڵکی خورماتوون، هەندێکیشیان خەڵکی ناوچەکەی ئێمەن کە سنوری زینانەیە، بەڵام چەکدارێکی کوردی ئێرانیان لەگەڵدایە کە لاقێکی بڕاوە، بەردەوام ئەو چەکدارە لەم ناوچەدایە."
عەمید جەمال وارانی فەرماندەی لیوای 144 ی پێشمەرگە، هۆکاری پەیوەندیکردنی چەکدارە کوردەکانی بە داعش بۆ ئەوە گێڕایەوە، هەندێکیان حەز لە چەکن و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری داعشەوە، بەڵام هەندێکی تریان هەر لە سەرەتاوە توندڕەو بوون، گوتی"داعش فیکرەیەکی مەترسیدارە بۆیە جیهان دژایەتی دەکات، چەندین چەکداری دەوروبەری خورماتوو، خۆیان بۆ ئەو ڕێکخراوە تەقاندووەتەوە، ئەمە مەترسیە."
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ ناوچەی غەڕەوپەڵکانە ئەنجامدا، بەڵام دواتر پێشمەرگە بەهۆی ناڕازیبوونی سوپای عێراق لە ناوچەکە کشایەوە، تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن دەکرێت و هێزێکی هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشاییە ئەمنیەکان پێکدەهێنرێت.
Your browser doesn’t support HTML5