وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریكا سەبارەت بە چارەنووسی ئەزمونەكانی كۆتایی ساڵی ئەو خوێندكارانەی شەنگال و ناوچەکە ناوچەیە بە گشتی كە بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی شەنگال ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوونە ئاشكرایكرد بڕیارماندا بۆ خزمەتكردنی ئەو قوتابیانەی كە لەو سنورەن و ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كردووە لە نزیكترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن، ئەگەر ئێستا ئامادەنین بەهۆی ئەوەی كە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێهێشتووە دەتوانن تاقیكردنەوە نەكەن، لە كاتی پێویستی دیكە دەبێت تاقیكردنەوەیان ئەنجام بدەن.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری شەنگال و ئەو ڕەوشەی كە لەوێ هەیە بڕیارماندا بۆ خزمەتكردنی ئەو قوتابیانەی كە لەو سنورەن و ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كردووە دوو كاریان بۆ بكەین.
یەكەم: مافیان هەبووە لە نزیكترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جا لەناو كەمپەكان یان دەرەوەی كەمپەكان بن خۆیان تۆمار بكەن و تاقیكردنەوە بكەن كە تاقیكردنەوەیان كرد پاشان نمرەكانیان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆكەوە دەچێتەوە بۆ قوتابخانەكەی خۆیانەوە لە شەنگال.
دووەم: ڕێگەمان پێداون ئەگەر ئێستا ئامادە نین بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەریاندا هاتووە كە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێهێشتووە دەتوانن تاقیكردنەوە نەكەن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆكمان ڕاسپاردووە كە لە كاتی پێویستی دیكە دەبێت تاقیكردنەوەیان پێ ئەنجام بدەن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە ئاواربوونە و تاقیكردنەوەیان هەیە، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی " بەگوێرەی ژمارەی خێزان تا ئەو ڕۆژەی كە ئێمە بڕیارمان دەركردووە زیاتر لە 14 هەزار ئاوارە هەبووە كە خۆی لە 1700 خێزاندا دەبینێتەوە، ئەگەر ژمارەكانم هەڵە نەبن یان بە نزیككراوەیی قسە دەكەم ئەوەندە خێزان بوون، بەڵام ئەوەی كە چەندی قوتابی و چەندی ئاوارەبووە ئەوە دەردەكەوێت كە چەندێك پەیوەندی بەو قوتابخانانەوە دەكەن كە ئێمە فەرمانمان پێكردووە و چەندێكیش دوایدەخەن بۆ ئەوەی دواتر تاقیكردنەوەکان ئەنجام بدن."
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ئێمە تاقیكردنەوەمان هەیە و ڕێگەمان پێداون لە نزیكترین قوتابخانە خۆیان تۆمار بكەن و تاقیكردنەوە بكەن ئەگەر ئێستا بۆیان نەكرا پاش چەند ڕۆژێكی دیكە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك و بەرێوەبەری گشتی دهۆك دەسەڵاتی پێدراوە كە كارئاسانی بۆ هەموو بابەتێك لەگەڵ ئەوانەدا بكات و ئەو كات خشتەیان بۆ ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی بتوانن تاقیكردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.
Your browser doesn’t support HTML5