ئەندامانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڕیارێک لە دژی ڕووسیا دەردەکەن

ئەندامانی ناوچەی ئەوروپا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە بڕیارێکیان پەسەند کرد کە دەکرێت ببێتە هۆی داخستنی نوسینگەی ناوچەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوەکە و ڕاگرتنی کۆبوونەوەکان لەو وڵاتەدا لە وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا.

کۆبوونەوەی تایبەتی ناوچەی ئەوروپا ئەو بڕیارەی پەسەندکرد بە 43 دەنگی بەڵێ کە پێکهاتبوون لە ئۆکرانیا و یەکێتی ئەوروپا و 3 دەنگی نەخێر کە بریتی بوون لە ڕووسیا و بێلارووس و تاجیکستان و و دەنگ نەدانی دوو ئەندامی ڕێکخراوەکە.

لایەنگرانی بڕیارەکە گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ بە هەنگاوێکی سیاسی گرنگ دەزانن بەڵام دەڵێن نایانەوێت کاریگەری هەبێت لەسەر سیستمی تەندروستی ڕووسیا. بڕیارەکە ئاماژەکردووە بە "دۆخی تەنگەتاوی تەندروستی" لە ئۆکرانیا و قوربانی بە کۆمەڵ، هەروەها مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا.

نێردراوی ڕووسیا بۆ ڕێکخراوەکە ئەندرێی پڵوتنسکی دژایەتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە "زۆر نائومێد بووە" و ڕایگەیاند "ئێمە پێمانوایە کە ئەمە ساتێکی هێجگار زیانبەخشانەیە بۆ سیستەمی تەندروستی جیهانی."

هەندێک لایەنی تر ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO گرت و گوتیان ئەمە بەس نیە. دیبلۆماتکارەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە دەستبەرداری هەوڵەکانیان بوون بۆ هەڵپەساردنی ئەندامێتی ڕووسیا لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە هۆکاری تەکنیکی یاسایی، هەرچەندە لەوانەیە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە هەوڵی سڕکردنی مافەکانی دەنگدانی ڕووسیا بن لە کۆبوونەوەیەکی سەرەکی ئەم مانگەدا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز