هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان بەهەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەمەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ناوچەکانی غەڕەو پەڵکانەی نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو دەستپێکردووە، کە ئەو ناوچانە ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە یەکێک لە پێگە سەرەکیەکانی داعش لە عێراق.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە کوردیەکان و سوپای عێراق، دوای ڕفاندنی چەند شوانێک هات لەو ناوچەیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، کە دواتر شوانەکان لەبەرامبەر بڕێکی زۆر پارەدا ئازادکران.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا مەردان چاوشین فەرماندەی میحوەری حەمرینی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت "داعش لە ڕێگەی مەفرەزەی پارتیزانییەوە فشاری خستبووە سەر چەند ناوچەیەک، دەمانەوێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە لەگەڵ سوپای عێراق، جم و جۆڵیان سنووردار بکەین و ڕێگەنەدەین لەم ناوچەیە خەڵک بڕفێنن."
بەپێی وتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لەناوچەکەدا خەڵک دەڕفێنن، لەو ناوچانەوە دێن کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقدان، وتی"سەرقاڵی گفتووگۆین تا ناوچەکە بەهێزی هاوبەش پڕبکەینەوە، چونکە داعش بەشێوەی پارتیزانی هێرشەکانی ئەنجام دەدات، دەمانەوێ بەهەماهەنگی لەگەڵ عێراق ڕێگەی جم و جۆڵیان ببڕین."
ناوچەی غەڕەو پەڵکانە کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی سوپای عێراق و پێشمەرگە و ئاسایشی تێدا ئەنجامدرا، ماوەی پێنج ساڵە هیچ هێزێکی عێراقی و کوردی لەو ناوچەیە نییە و یەکێکە لەو بۆشاییە ئەمنیانەی عێراق و هەرێم سەرقاڵی گفتووگۆن، تا بەهێزی هاوبەش پڕی بکەنەوە، لەوبارەیەوە لیوا مەردان چاوشین وتی"دوو لیوای هاوبەش پێکدەهێنرێن، کە مەشقیان پێکراوە، بەڵام ماوەتەوە سەر تەرخانکردنی بودجە بۆیان لەلایەن عێراقەوە، تا بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکەنەوە."
لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەمەی هێزە عێراقی و کوردیەکان دا، ژمارەیەک حەشارگەی داعش خاپور کران و دەستیشگیرا بەسەر ژمارەیەک بۆمب و تەقەمەنیدا.
Your browser doesn’t support HTML5