ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچە و داهات، پرسی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان زەق دەکاتەوە، وە ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دێگەڵە بەولاوە دەسەڵاتی نییە"، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت پارتی ئارەزووی دوو ئیدارەیی هەیە و زۆربەی جومگە بنەڕەتییەکانی ئەم هەرێمە لای ئەوانە.
دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە سنوری سلێمانی، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی گرژتر کردووەتەوە، یەکێتی دەڵێت پارتی سلێمانی گەمارۆداوە و سیاسەتی ڕقی بەرامبەر پەیڕەو دەکات، پارتیش یەکێتی تۆمەتبار دەکات بەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان نانێرێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
لە سەروبەندی ئەو ناکۆکییانەدا پرسی دوو ئیدارەیی لەلای هەردوولا سەریهەڵداوەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دەڵێت لە واقعدا دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
ئاری محەمەد هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بە داخێکی زۆرەوە هەرێمی کوردستانی عێراق دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی زەرد و سەوزدا، هەرچی سەرۆکی حکومەتەکە کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانە و کاک مەسرورە، دەسەڵاتی نییە لەمدیو دێگەڵە، واتە ئەو ناوچەیەی کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، وە بابەتی بودجەش زۆر دەمێکە ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی 43%ی بۆ زۆنی سەوزە و 57%ی بۆ زۆنی زەردە، ئیتر ئەوەی کە دابەشی ناکات ئەو دەسەڵاتەیە کە ئیدارەکەی ئەمدیو دێگەڵە بەڕێوەدەبات، کە ئەویش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
هەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە دەڵێت نایانەوێت ببنە بەشێک لە لێکترازانی نێو ماڵی کورد، بەڵکو ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە بەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکرێت، کە دۆخێکی خراپی دارایی لە سلێمانی دروست ببێت.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی دوو ئیدارەییەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێمە پێشتر حکومەتێکمان هەبووە لە سلێمانی، بەڵام تەواوی حکومەتەکەمان تێکەڵکردەوە لەگەڵ حکومەتی هەولێر و ویستوومانە حکومەتێکی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، ئەمە باشترین بەڵگەیە کە ئێمە ویستوومانە حکومەتێکی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، وە نامانەوێت ببینە بەشێک لە لێکترازانی نێو ماڵی کورد و نێو ماڵی یەکێتی و پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە بەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکرێت دۆخێکی دارایی خراپ لە سنوری سلێمانی دروست ببێت.
بەڵام ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دەڵێت، کە ئێستا بە دیفاکتۆ هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیە، ئاری هەرسێن وتیشی "ئێمە بە دیفاکتۆ دوو ئیدارەین، ئەمە نەک لە ئێستا، بەڵکو لە کابینەکانی ڕابردوویش لە سەردەمی کاک نێچیرڤانیش هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە بە دیفاکتۆ دوو ئیدارەیین."
ئەگەرچی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکانی رابردووی یەکێتی و پارتی داهاتی هەرێمی کوردستان بە 43% بۆ سنووری سلێمانی و 57% بۆ هەولێر و دهۆک دیارییکراوە، بەڵام لوقمان وەردی دەڵێت ئێستا 38%ی داهات دەدرێتە سلێمانی و 62%ی داهات دەدرێتە هەولێر و دهۆک.
لوقمان وەردی دەشڵێت ئەگەر داهاتی مانگی سێ وەربگرین، لە داهاتی نەوتی مانگی سێ 200 ملیار دینار بۆ سلێمانی نێردراوە، کەچی 326 ملیار و 350 ملیۆن دینار بۆ هەولێر و دهۆک دانراوە، واتا 38%ی داهات دەدرێتە سلێمانی و 62%ی داهات دەدرێتە هەولێر و دهۆک.
شارەزایانی سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە، سیاسەتی ڕۆژانەی یەکێتی و پارتی بە گوێرەی بەرژەوەندیی گشتیی نەبێت، بەڵکو بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بێت.
مەحمود ڕەزا، سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی ناوەندی نییە، بەڵکو دوو زۆنمان هەیە، لە زۆنێکدا پارتی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، لە زۆنێکدا یەکێتی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، ئەم دووانەش بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن، سیاسەتی ڕۆژانەیان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و بە گوێرەی بەرژەوەندی گشتیی نییە.
زەقبوونەوەی پرسی دوو ئیدارەیی لە گوتاری یەکێتی و پارتی لە کاتێکدایە، ئەو دوو حزبە لە ئێستادا ناکۆکییان هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وە تا ئێستاش ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ نزیکبوونەوەی ئەو دوو لایەنە و دانیشتنیان لەسەر مێزی دانوستان.
Your browser doesn’t support HTML5