وردەکاری کێشەی نێوان هەرێم و کۆمپانیای نەوتی باکور لەسەر نەوت

تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکورەوە، بە زیادەڕەویکردنە سەر دوو کێڵگەی نەوتی کەرکوک کە بریتین لە بای حەسەن و داودە، ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر دۆسیەی نەوت گەرمتر کردەوە.

لەڕاگەیەنراوێکدا کە کۆمپانیای نەوتی باکور دەریکردووە، هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنی لەسەر حکومەتی هەرێم کردووە، بەبیانووی ئەوەی بیرە نەوتیەکانی (خورمەڵە، کۆرومۆر، ئاڤانا، سفەییە) لەلایەن هەرێمەوە داگیرکراون، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم تۆمەتەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور ڕەتدەکاتەوە.

لەڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێمدا کە وەڵامی کۆمپانیای نەوتی باکور دراوەتەوە، هاتووە "ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیانپێکردووە، هۆکارەکەی سیاسی یە نەک یاسایی، سامانی گشتیش هی هەموو خەڵکی عێراقە نەک کۆمپانیایەک."

ئەو دوو بیرە نەوتەی کۆمپانیای نەوتی باکور، حکومەتی هەرێمی بەدەست بەسەردا گرتنی تۆمەتبارکردووە، دەکەوێتە گوندی لهێبان ی سەربە ناحیەی سەرگەڕان ی سنوری قەزای دبس ی ڕۆژئاوای کەرکوک.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە ئابووریەکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ساڵی پار داعش هێرشی کردە سەر گوندی لهێبان، چونکە کەوتبووە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، بۆیە مستەفا کازمی سەردانی ناوچەکەی کرد و بۆشاییەکەی بەهاتنە پێشەوەی پێشمەرگە و سوپا پڕکردەوە."

ڕوونیشیکردەوە، گوندی لهێبان نزیکەی 10 بیرە نەوتی تێدایە، بیرە نەوتیەکان کۆنن، جاران ڕۆژانە دوو هەزار بەرمیلیان لێ بەرهەم هێنراوە وتیشی "کە بە بڕیاری کازمی پێشمەرگە چووەتە پێشەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەشێک لەو بیرانە کەوتوونەتە لای پێشمەرگە، لەم ڕۆژانەدا کۆمپانیای کارگروپ ویستوویەتی کار لە دوو بیریان بکات، بۆیە کۆمپانیای نەوتی باکور ئاگادار کراوەتەوە و ئەوانیش هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنیان کردووە."

دوا بەدوای ڕاگەیەنراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور و حکومەتی هەرێم لەدژی یەکتری، کوتلەی تورکمانیش لەپەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان حەوت پەرلەمانتارە، داوایان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، هێز بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو بیرە نەوتیانە.

عەلی حەمادی جێگری پارێزگاری کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ململانێ لەسەر نەوت لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکور و هەرێمدا هەیە، بەڵام هێشتا ئاقاری ململانێکە بۆ ئیدارەی کەرکوک ڕوون نیە."

لە ڕاگەیەنراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوردا، ئاماژە بە کێڵگە نەوتیەکانی کۆرومۆری ناوچەی قادر کەرەمی سەربە قەزای چەمچەماڵ و خورمەڵەی نزیک مەخموریش دراوە و حکومەتی هەرێم بەدەست بەسەردا گرتنیان تۆمەتبار کراوە، لەکاتێکدا ئەو دوو کێڵگە نەوتیە لەدوای ساڵی 2003 ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمدان.

بەشێکی زۆری کارەبای هەرێمی کوردستان لە غازی کێڵگەی کۆرومۆر بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها یەشێکی زۆر لە نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ڕاگەیەنراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور هەرێمی توڕەکردووە.

سەبارەت بەهۆکاری خۆبەخاوەن کردنی ئەم دوو کێڵگە نەوتیەی ژێر کۆنترۆڵی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکورەوە، محەمەد حسێن دەڵێت"خورمەڵە و کۆرومۆر بە حساباتی کۆرمپانیای نەوتی باکور، بەشێکن لەو چوارچێوە جوگرافیەی ئەو کۆمپانیایە دەیبردە ڕێوە."

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق و ناساندنی پرۆسەی نەوت و غازی هەرێم بە نادەستوری، ناکۆکی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەم دۆسیە سەریهەڵداوەتەوە، بەشێوەیەک دوێنێ شەمە و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەنراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوردا، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیا نەوتیەکانی ئاگادارکردووەتەوە سەردانی وەزارەتەکەیان بکەن، ئەمەش بەهەوڵێک بۆ دوورخستنەوەیان لە هەرێم لێکدەدرێتەوە.