ئەمەریکا بە نیازە پێنج گروپ لە لیستی تیرۆر لاببات

ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ لابردنی پێنج گروپی توندڕەو لە نێو لیستی تیرۆردا، ئەو گروپانەی پێدەچێت نەمابن، لەوانە چەند گروپێک کە جاران هەڕەشەی گەورەیان خوڵقاندبوو لە سەرانسەری ئاسیا، ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەرچەندە ئەو گروپانە چالاک نین بەڵام بڕیارەکە لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بایدن، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیانە کاریان تێدا دەکرد و چالاکیان تێدا ئەنجام دەدا.

ڕەنگە ئەم بڕیارەی ئەمەریکا ڕەخنەی زۆر لەلایەن خانەوادەی ئەو قوربانیانەوە بە دوای خۆیدا بهێنێت، کە هێشتا زامی لەدەستدانی خۆشەویستانیان ساڕێژ نەبووە کە لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە کوژراون و تیرۆر کراوان.

جێی ئاماژەیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کۆنگرسی لەو هەنگاوەی ئاگادارکردەوە لە کاتێکدا کۆنگرس هەتا دێت دابەشبوون و مشتومڕی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت لەمەڕ ئەوەی کە ئایا دەکرێت سوپای پاسدارانی ئێران لە رووی یاساییەوە لە نێو لیستی تیرۆریزمی ئەمەریکا لاببرێت، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی سەودا ناوکییە چەقبەستووەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهان.