ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هیچ پۆستێکی نوێ نادرێتە بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و ئەو پۆستانەشی ئێستا باسی لێوە دەکرێت هەر ئەوانەن کە پێشتر لە چوارچێوەی بەشدارییکردنیان لە حکومەت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئاشکراشی دەکات جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت داوە و چاوەڕێی دیارییکردنی وادەی کشانەوەن لە حکومەت.
لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە و دواتریش بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوەکرد، کە بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر مانەوەی لە حکومەتی هەرێم چەند پۆستێکی نوێ وەربگرێت.
نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێکی نوێ لە حکومەتی هەرێم وەرناگرێت و ئەو پۆستانەشی ئێستا باس دەکرێت بدرێنە بزووتنەوەکە، پێشتر لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە حکومەت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
نزار مەحمود ڕایگەیاند، هیچ پۆستێکی تازەمان پێ نەدراوە، بەڵکو ئەو پۆستانەی ئێستا باس دەکرێت هەر ئەوانەن کە پێشتر لە بەرامبەر بەشداریکردنمان لە حکومەت ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە، تائێستاش ئەو پۆستانەی کە مافی خۆمان بووە لە حکومەت بەتەواویی پێمان نەدراوە.
لە بارەی بڕیاری کشانەوەشیان لە حکومەت، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت، بێگومان بڕیارمان هەیە و لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاردراوە لە حکومەت بکشێینەوە، چەند ژوورێکی پەیوەندیداریش هەن دەبێت ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن و کات و شوێنی کشانەوەکە دیاری دەکرێت.
نزار مەحمود باس لەوەش دەکات، کە بۆیان دەرکەوتووە هۆکاری پاشەکشەی دەنگەکانیان بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەتی هەرێم.
نزار مەحمود دەڵێت، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانمان بەشداریکردنمانە لە حکومەتی هەرێم، چونکە ئێمە بە بەرنامەیەکەوە چووینە ناو حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی چاکسازیی بکەین لەناو حکومەتی هەرێم، بەڵام دیارە چاکسازیی نەکراوە و ئەگەریش کرابێت زۆر زۆر کەمە، بۆیە دەنگدەرەکانمان پێمان دەڵێن کە پێویستە پێداچوونەوە بە بەشدارییمان لە حکومەت بکەین.
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوەش دەکات، کە نەیانتوانیوە ئەو بەرنامەیەی دایانڕشتووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکومەت جێبەجێی بکەن و دەڵێت، بە بەشدارییمان لەم حکومەتە بۆمان دەرکەوت کە ئەو حکومەتەی بەشدارییمان تێداکردووە زۆرینەی لە لایەنەکانی دیکەن و ئەگەر وەزیرەکانی ئێمەش بە دڵسۆزییەوە کار بکەن و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک بدەن، بەڵام ئەوان چۆن بیانەوێت دەتوانن ڕێگربن و پرسی چاکسازیی و باشکردنی ژیانی خەڵک پەکبخەن، ئێمە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەشدارییمان لە حکومەت کردووە.
سەبارەت بە ناڕازییەکانی ناو بزووتنەوەکەش، نزار مەحمود ڕایدەگەیەنێت کە بڕیارەی کشانەوەیان لە حکومەت بۆ ڕازیکردنی جەماوەر و سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەکەیە و دەڵێت، ماوەیەکی زور ئێمە گفتوگۆمان کردووە لەگەڵ ئەو خەڵکانەی عاجزبوون و لەگەڵ هەندێ خەڵکی تر. بیروڕامان گۆڕیوەتەوە لەسەر ئەوەی بۆ خەڵک لە ئەدای بزووتنەوەکە ناڕازییە و لەو ڕوانگەیەشەوە بڕیاری ئەوەمان دا پێداچوونەوەیەک بەخۆماندا بکەینەوە و بڕیاری کشانەوە بدەین لە حکومەت. بێگومان ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی لەو سەردەمە عاجزبوون. بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ئەوەتا ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و پێداچوونەوە بەو هۆکارانەدا دەکەین. کە وایکردووە کورسی نەهێنین.
بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خاوەنی دوانزە کورسییە و لە حکومەتی هەرێمیش چوار وەزیری هەیە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا.
Your browser doesn’t support HTML5