عێراق لە کێشمەکێشی سیاسیەوە بۆ ململانێی یاسایی

دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوی یاسایی بەرامبەر ژمارەیەک سەرکردەی کورد و عەرەبیش بگیرێتە بەر، سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت"بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کاریگەری سیاسیان پێوە دیارە."

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا لەسەر سکاڵایەکی دادگای فیدراڵی عێراق، فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ هۆشیار زێباری کاندیدی دوورخراوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەرکرد، بەتۆمەتی ئەوەی ناوبراو سوکایەتی بە دادگا کردووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی کاریگەری سیاسی بەسەر بڕیاڕەکانیانەوە دیارە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، گومانێک لای بەرپرسانی هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە دروستبووە، دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی تر تۆماربکات، لەنێویاندا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ئەکرەم ساڵەح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گوشارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی و لەبەرژەوەندەی چوارچێوەی هەمانگی شیعەکانە، ئەمەش گومانی لەسەر بڕیارەکان دروستکردووە و موقتەدا سەدریش بەڕاشکاوی ڕەخنەی لەدادگا گرت، بەوەی بڕیارەکانی کاریگەری سیاسیان پێوە دیارە."

کێشمەکێشی نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق، خەریکە لە ململانێی سیاسیەوە بۆ ململانێی یاسایی شۆڕ دەبنەوە، بەتایبەت دادگا ڕۆڵێکی گرنگی لە کێشمەکێشی نێوان هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە و چوارچێوەی هەمانگی گێڕا، بەوەی بڕیاریدا بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دوورخستنەوەی پەرلەمانتارێکی عەرەبی سونە لە پەرلەمان و چەند بڕیارێکی تریش.

هەروەک لەکاتی کێشمەکێشی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە، دادگای فیدراڵی عێراق پرسی نادەستوری بوونی پرۆسەی نەوتی هەرێمی هێنایە پێشەوە، لە بەرامبەردا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانیش پێچەوانەی ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ سێشەمە پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە یاسایی وەسفکرد.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"کێشمە کێشە سیاسیەکان گۆڕاون بۆ کێشمەکێشی یاسایی، بۆیە دوای سکاڵا تۆمارکردن لەسەر هۆشیاری زێباری، گومانی هەنگاوی تری یاسایی دژی بەرپرسانی عەرەب و کورد هەیە."

سەرچاوەکە وتیشی"هەوڵێک هەیە بۆ سکاڵا تۆمارکردن لەسەر حەلبوسی و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، بەبیانووی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی، دووریش نیە دۆسیەی ڕیفراندۆم دژی هەندێک لەبەرپرسانی هەرێم بوروژێنرێتەوە."

زۆربەی ئەو بڕیارانەی تا ئێستا لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە دەرکراون، دژی بەرژەوەندی هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونە بوون، بۆیە ڕێبەری ڕەوتی سەدر بەئاشکرا ڕەخنەی لەو دادگایە گرت.

ئەکرەم ساڵەح سەرکردەی پارتی وتی"گەر دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی دواخستبا بۆ دوای پێکهێنانی حکومەت، بەتایبەت ئەو بڕیارەی پەیوەندی بە نەوتی کوردستانەوە هەبوو، تێبینی کەمتر لەسەر دروست دەبوو."

کێشمەکێشی نێوان هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، تەنها کێشمەکێشی سیاسی و ئابووری و یاسایی یان بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵکو لەهەندێک ناوچەش گرفتی ئەمنیشی دروستکردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر/ کێشمەکێشی سیاسی لە عێراق