تۆمارکردنی ناوی ئەنفالکراوەکان لە گوندەکانی گەرمیان

بڕیارە لە بەشێک لەو گوندانەی گەرمیان کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، مۆنۆمێنتی بچوک دروست بکرێت و ناوی ئەنفالکراوەکانی گوندەکان تۆمار بکرێن، کە گوند هەیە 150 کەسیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە.

تا ئێستا مۆنۆمێنت لەچەند گوندێک دروستکراوە و ناوی ئەنفالکراوانی گوندەکەی لەسەر تۆمارکراوە، دانیشتوانی چەند گوندێکی تریش سەرقاڵی دروستکردنی مۆنۆمێنت و تۆمارکردنی ناوی ئەنفالکراوەکانیانن.

سەبریە ڕۆستەم چالاکوانی بواری ئەنفال، کە خەڵکی گوندی کانی عوبێدی گەرمیانە و بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی گوندەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون،بەدەنگی ئەمەریکای گوت"بەشێکی زۆر لەوانەی لە شاڵاوی ئەنفال ڕزگاریان بووە، ئێستا لە ژێر خاکدان، هەموو چیرۆکە تراژیدیەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر خاک، بێ ئەوەی دیکۆمێنت بکرێن."

گوتیشی"بە دیکۆمێنت کردنی کارەساتی ئەنفال و دروستکردنی مۆنۆمێنت، کارێکی ئێجگار گرنگە و دەبێت پەلەی لێبکرێت."

فەهیمە ڕۆستەمیش یەکێکی تربوو لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و خەڵکی گوندی سپێ سەری ناوچەی قادر کەرەمە، دەڵێت"50 کەسی گوندەکەم ئەنفالکراون، دەبێت لە نێو گوندەکەمدا مۆنۆمێنت دروست بکرێت و ناوی سەرجەم ئەنفالکراوەکان لە شوێنی ئەنفال کردنیان تۆمار بکرێت."

تا ئێستا لە ناوچەی گەرمیان دوو مۆنۆمێنت بۆ ئەنفالکراوەکان دروستکراون، مۆنۆمێنتێکیان لە قەزای چەمچەماڵ و ئەویتریان لە گوندی دێبنەی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە، کە ساڵانە مەراسیمی ساڵیادی ئەنفالیان تێدا ئەنجام دەدرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر/ تۆمارکردنی ناوی ئەنفالکراوەکان