سەرۆک بایدن: کاتی ئەوە هاتووە سنوورێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە وڵاتەکە دابنرێت

سەرۆکی ئەمەریکا وتارێکی پێشکەش کرد لە بارەی ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ویلایەتی تەکساس، وە بێزاری خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کوشتنکارییانە کە وەک دەڵێت بۆ لاوازی یاساکانی هەڵگرتنی چەک دەگەڕێنەوە.

جۆو بایدن شەوی سێشەممە لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی جێڵ بایدن خانمی یەکەمی ئەمەریکا وتارەکەی پێشکەش کرد و وتی خوازیاربووە لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی ئەم ڕووداوانە نەبینێت، بەڵام ئەوەتا "جارێکی دیکە کوشتنکاری ڕوویدایەوە و ئەم جارە لە شارۆچکەی یوڤاڵدی ویلایەتی تەکساس."

وتیشی هەتا کەی منداڵان ببینن هاوڕێکانیان دەکوژرێن وەک ئەوەی لە گۆڕەپانی شەڕدا بن.

سەرۆک بایدن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 900 حاڵەتی کوشتنکاری لە سەرانسەری ئەمەریکا ڕوویانداوە. ئۆباڵی ئەو ڕووداوانەشی خستە ئەستۆی لۆبی چەک کە لە دژی توندترکردنی یاساکانی هەڵگرتنی چەکن.

سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە هاوڵاتیانی کرد بەرەو ڕووی لوبی چەک بوەستنەوە و سنوورێک بۆ ئەم کوشتنکاریـیانە دابنێن. وتیشی ڕاستە ناتوانن ڕێگە لە هەموو کارەساتەکان بگرن، بەڵام هەر هیچ نەبێت دەتوانن کاریگەریـیەکی ئەرێنیان هەبێت.
باسی لەوە کرد کاتێک یاسای توند بۆ هەڵگرتنی چەک پەیڕەوکراوە ڕووداوەکانی توندوتیژی چەکداری کەمبوونەتەوە، بەڵام کاتێک یاساکان لابران ڕووداوەکان زیادیانکردەوە.

وتی "ناکرێت منداڵێک بتوانێت بچێت چەک بکڕێت، چەکی بۆچیـیە مەگەر هەر بۆ کوشتنی کەسێک."

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد کوشتنکاری لەم شێوانە بە دەگمەن لە وڵاتانی دیکە ڕوودەدەن لە کاتێکدا ئەوانیش خەڵکانی دەروون نەخۆشیان هەیە. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ فشارەکانی لۆبی چەک لە وڵاتەکە. دەڵێت بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەموو دایک و باوکێک و هەموو هاوڵاتیـیەک و بەرپرسێک لەسەر ئەم پرسە بێنەدەنگ.