نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
جنین پلاسخارت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "یونامی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی داخراو."
خانم پلاسخارت دەشنوسێت لە کاتێکدا بڕیارە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی یەکی مانگی 10ی ئەمساڵ بکرێت، ئەوا کاتی خۆیەتی ڕاستەوخۆ ئاڵوگۆڕی بیرەڕاکان بکرێن.
ئەم داوایەی یونامی دوابەدوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی هەرێمدا، وەک دەگوترێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕووبەری کەلێنی جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییەکانە لە هەرێمدا تا کورد بە یەکڕیزییەوە لە بەغدا ئامادەیی هەبێت.
هەر لەم مانگەدا بوو، جنین پلاسخارت لە وتارەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تیشکی خستە سەر کاری پێکەوەیی لایەنە کوردییەکان لە عێراقدا.
نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقیش دابەوەدا دەنێت ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە خۆی جێگری سەرۆکی پارتییە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا خەڵکی بێهیوا و نیگەرانیش کردووە.
زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ناو ئەو دوو لایەنەی هەرێمی کوردستانی عێراق باس لە گەندەڵی و نەمانی سەروەریی یاسا و دوو دەسەڵاتدارێتی و چەندان بابەتی تریش دەکەن، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵکی هەرێم جەخت دەکەنەوە لەوەی پارتی و یەکێتی خۆیان سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشە و مەینەتییەکانن بۆ هەرێمی کوەردستانی عێراق.
هەرێمی کوردستانی عێراق لە بنبەستی سیاسیدا دەژی، دەستەبژێری سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی دەکەن، بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ چارەسەرکردن و ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی دەکەن، دووبارەکردنەوەی هەمان گوتاری هەندێک لە ڕێکخراوە سیڤیلییەکان و چالاکوانانە.
تا ئێستا خانم پلاسخارت، چەند جارێک زەنگی گەورەی ئاگادارکردنەوەی بۆ کورد لە عێراقدا لێداوە و قسەی خۆیشی کردووە لەسەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبنەوە، بەڵام پرسیارە گەورەکە لەوەدایە؛ ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەو پەیامانە تێگەیشتوون؟
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی سیاسی وەڵامی ئەم پرسیارە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا.
Your browser doesn’t support HTML5