مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە بە مەرج خۆپیشاندانەکانیان هەڵپەسارد

دوای داخستنی دەرگای زانکۆی هەڵەبجە و هەڵدانی چادرگە لە بەردەم زانکۆ لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆوە، ڕۆژی پێنجشەمە مامۆستایانی زانکۆ خۆپیشاندانەکانیان هەڵپەسارد و لەبەر بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیاریاندا تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ ئەنجام بدەن و داواکاریەکانیشیان لە 12 خاڵدا ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرەکیترینیان دابەشکردنی مووچە 30 ڕۆژ جارێک بوو.

عومەر فواد نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو داواکاریانەی کە ئاراستەی حکومەتمان کردوون گەر جێبەجێنەکرێن ئەوان بە گڕ و تینێکی دیکەوە خۆپیشاندانەکان ئەنجام دەدەنەوە و لەبەر هەستکردنیان بە بەرپرسیاریەتی چارەنوسی خوێندکاران خۆپیشاندانەکان هەڵدەسپێرن."

بەشێکی دیکە لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن خراپی سیاسیەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە هەشت ساڵە مووچە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕببێت.

هۆشمەند عەتا مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پێویستە مووچە نەبێتە هەواڵ، دەبێت حکومەت بیر لەوە بکاتەوە بازاڕ و مووچە و ژیان پەیوەستن بەیەکەوە و ئەرکە لەسەر حکومەت لە کاتی خۆیدا دابینی بکات."


دانا عەبدول چالاکوان لە تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " بابەتی مووچە بابەتێکە خۆی وایلێکردووە، دەنا دەتوانێت مووچە لە کاتی خۆی دابین بکات و مووچە پاشەکەوتکراوەکان بگێڕێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو ڕۆژێک کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنرێت، خەڵکیان سەرقاڵکردووە بە مووچەوە."

دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان وایلێهاتووە چەندین هەواڵی ناڕاست تا لەسەر بڵاو دەبێتەوە، جگە لە بایکۆت و خۆپیشاندانی بەردەوامی فەرمانبەران، کە کاریگەری گەورەی لەسەر بەڕێکردنی کار و باری هاووڵاتیانی لە دامەزراوەکاندا دروست کردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی