میدیاكانی ئێران: ئێران بنكەی ژێر زەمینی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس پیشان دەدات

میدیا فەرمییەکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی شەممە بڵاویانکردەوە کە سوپای ئێران هەندێک وردەکاری خستۆتەڕوو؛ بەڵام بە تەواوەتی باس لە شوێنەکە ناکات لە بارەی بنکەیەکی ژێرزەمینی بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی، لە کاتێکدا گرژییەکانی کەنداو لە هەڵکشاندایە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە کە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نێو چیای زاگرۆسدا پارێزراون، لە نێویاندا فرۆکەی بێ فرۆکەوانی عەبابیل-5 کە بە وتەی خۆیان مووشەکی قائیم-9 هەڵدەگرێت، کە موشەکێکی خۆماڵی ئێرانە کە لە موشەکی جۆری هێڵفایەری ئاسمان بە زەوی ئەمەریکاییەوە وەرگیراوە.

ژەنەڕاڵی باڵا عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی لەشکری ئێران ڕایگەیاند "بێگومان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزترین فڕۆکەکانی ناوچەکەن." ئاماژەی بەوەشکردووە کە "توانای ئێمە بۆ بەرزکردنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ڕێگری لێناکرێت."

پەیامنێری تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو گەشتە 45 خولەکەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کرماشانەوە لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجامداوە بۆ شوێنێکی نهێنی ژێرزەمینی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تیادا پارێزراوە. گوتیشی چاویان بەستۆتەوە تا شوێنەکە تەنها لە کاتی گەیشتن بە بنکەکە ڕێگەی پێدراوە کە چاوی بکەنەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا ڕیزێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تونێلێکدا دەردەکەون کە مووشەکیان لەسەر بەستراوە، کە دەڵێت چەند سەد مەترێک لە ژێر زەویدا بووە.

ئەم ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییە ڕۆژێک دوای دەستبەسەرداگرتنی دوو تانکەری یۆنانستان هات لەلایەن سوپای پاسداران لە کەنداوی فارس، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی نیشاندراوە لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە کە کەشتییەکی بارهەڵگری نەوتی ئێران لە کەناراوەکانی یۆنانستان دەستی بەسەردا گیرا.

دەسەڵاتدارانی یۆنانستان مانگی ڕابردوو بەهۆی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا، دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری پێگاسیاندا گرت کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بوو هاوکات 19 ئەندامی تیمی ڕووسی لەناو فڕۆکەکەدا بوون. دواتر ئەمەریکا دەستی بەسەر ئەو بارە نەوتەی ئێراندا گرت کە لەناو کەشتییەکەدا هەڵگیرابوو و پلانی هەیە بە کەشتییەکی دیکە ڕەوانەی ئەمەریکای بکات.

دواتر کەشتیگەلی پێگاس ئازاد کرا، بەڵام دەستبەسەرداگرتنەکە گرژییەکانی لە کاتێکی هەستیاردا دروستکرد، لە کاتێکدا ئێران و زلهێزەکانی جیهان هەوڵیان دەدا ڕێککەوتنە ناوکییەکە زیندووبکەنەوە کە داناڵد تڕامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەستبەرداری ئەو ڕێکەوتنە بوو و سزاکانیان بەسەر تاراندا سەپاندەوە.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز