سلێمان مستەفا: بە بڕوای من ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت

سلێمان مستەفا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت " وەکو کەسێک کە لەمەجالی هەڵبژاردن کاردەکەم نەک وەکو کۆمیسارێکی ماوە بەسەرچوو، بە بڕوای من ناتوانرێت لەو ماوەیەدا (وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن 1ی مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هەرخۆی ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمیسیاران بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە شەش مانگی داناوه بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژار‌دنەکان، لەبەرئەوەی‌ ئامادەکارییەکان خۆی لەکۆمەڵێک هەنگاوی دوورودرێژدا دەبینێتەوە، هەروەها دەشڵێت" پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆر زۆر قورسه، بەداخەوە ناوی مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە"

" کۆمەڵێک پرسی تر هەیە دەبێت وەڵامیان بدەینەوه "

لە سەرەتای قسەکانیدا دەربارەی ئەوەی ئایا هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت یان ناکرێت؟ لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم وتی" کۆمەڵێک پرسی تر هەیە دەبێت وەڵامیان بدەینەوه،‌ ئینجا بێین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، یەکەم شت ئەوەیە کە ئێستا لەناو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەنگێکی بەرز هەیە کە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە وەکو دەزانرێت یاسای هەڵبژاردنیش سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتە زیاتر کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەیە، لە ناو یاسای هەڵبژاردن کۆمەڵێک پرسی تێدایە کە دەبێت ڕێکبکەون لەسەری، مەبەستم ئەوەیە کە ڕێکبکەون لەسەر جۆری سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێکبکەون لەسەر شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن و لەسەر شێوازی ئەژمارکردن و جیارکردنەوە کە ئایا بە ئەلکترۆنی دەبێت یان بەدەستی دەبێت ڕێکبکەون لەسەرئەوەی تۆماری دەنگدەران چۆن چۆنی بێت؟ تۆمارێکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت یان تۆمارێکی ئاسایی کاتی بەکاردەهێنرێت ئەگەر ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەستکەوت ئینجا دەتوانیین بێین باسی ئەوە بکەین کە ئایا لەو وادەی کە دیاریکراوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت یان هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت. "

" ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە 23-12-2019 وە، وادەی یاسایی بەسەرچووە "

سلێمان مستەفا زیاتر وتی" خاڵێکی زۆر گرنگ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 23-12-2019 وە، وادەی یاسایی بەسەرچووە، ئەمە خاڵێکە ناکرێت ئینکاری لێبکرێت یان نکۆڵی لێبکرێت، ئێمە خۆشمان وەکو ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە مانگی هەشتی 2019 نوسراومان کرد بۆ بەڕێز پەرلەمانی کوردستان وتمان پاش چەند مانگێکی تر وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بەسەردەچێت هیوادارین ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر کە بەپێی یاسای کۆمسیۆن ئەنجوومەنێکی تازە دابنرێت، بە ئیستسنائیش‌ یاسا ڕێگەی داوە خولێکی تر بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران درێژبکرێتەوە بەداخەوە هیچ یەکێک لە فراکسیۆنەکان دوای ئەو ماوە درێژە باسی ئەوەیان نەکرد کە وادەی یاسایی ئەم ئەنجوومەنە درێژبکرێتەوە یاخود ئەنجوومەنێکی تازە هەڵبژێردرێت، لەبەرئەوە من نامەوێت ئێستا پێش ڕووداو بکەوم، چونکە ئێستا من بۆم نییە، بڵێم دەتوانم یان ناتوانم بەدەر لەچوارچێوە یاساییەکەی، لەبەرئەوەی یەکەم شتی هەڵبژاردن ئەو چوارچێوە یاساییە لەناو یاسای هەڵبژاردنیش باس دەکات کە کۆمیسیۆن ڕێکارەکان دەگرێتەبەر، ئەگەر حزبە سیاسیەکان لەسەر ئەمە ڕێککەوتن ئەوکاتە ئەو ئەنجوومەنە ئێمە بین یان ئەنجومەنێکی تازە بێت دەبێت دابنیشێت بە پشت بەستن بەکۆمەڵێک پێوەر و ستانداری نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، ئینجا دەبێت بڕیار بدات ئایا دەتوانێت لەماوەی چەند هەڵبژاردن بکات ئەوکاتەی ئەوەی زۆر گرنگ دەبێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکە کە بتوانێت متمانەی حیزبە سیاسیەکان و دەنگدەران بەدەست بهێنێت نەک بۆئەوەی بۆنموونە بڵێن مانگێک دوادەکەوێت یان پێشدەکەوێت یان لەکاتی خۆیدا دەکرێت یاخود ناکرێت، پرۆسەی هەڵبژاردن هەر ئەوە نییە کارتی دەنگدان چاپ بکرێت و بخرێتە ناو سندوقی دەنگدان واتە پرۆسەیەکی دوور و درێژه،‌ کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی هەیە دەبێت ئەمانە هەمووی بگیرێتەبەر لەبەرئەوە من ناتوانم بڵێم، بەڵێ ئێمە دەتوانین یان نەتوانیین دەبێت ئەو ئەنجوومەنە بڕیاربدات کە پشت بە کۆمەڵێک بنەما و ستانداردی نێودەوڵەتی ببەستێت. "

" بە بڕوای من ناتوانرێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت "

سلێمان مستەفا ئەوەشی وت" وەکو کەسێک کە لەمەجالی هەڵبژاردن کاردەکەم نەک وەکو کۆمیسارێکی ماوە بەسەرچوو، بە بڕوای من ناتوانرێت لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن بکرێت چونکە هەرخۆی ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمیسیاران بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە شەش مانگی داناوە چونکە ئامادەکارییەکان خۆی لەکۆمەڵێک هەنگاوی دوورودرێژدا دەبینێتەوە واتە خشتەی کردارەکانە ئەگەر ئێستا ئەنجوومەنی کۆمسیاران وادەی یاسایی بەسەرنەچووبایە، پارتەسیاسیەکان لەسەر تۆماری دەنگدەران و کۆمەڵێک شتی تر ڕێکبکەوتنایە کۆمیسیۆن لەو دووساڵەی تر ئیشەکانی تری بکردایە بەدڵنیاییەوە ماوەیەکی زۆر کەمتری دەویست. "

" پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەڵێت بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن پێویستی بە شەش مانگە "

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد" ئەمە لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەڵێت بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن پێویستی بە شەش مانگە بۆ سوود وەرگرتنە لە کۆمەڵێک بنەما و پڕەنسیپی نێودەوڵەتی لە ئامادەکردنی هەڵبژاردندا بۆنموونە لەهەڵبژاردندا خشتەی کردارەکان دادەنرێت. "

ئایا ئێوە ئەمەتان بەلایەنە سیاسیەکان وتووە؟

لە وەڵامدا سلێمان مستەفا وتی" پەیڕەوی ناوخۆ لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، پێموایە کە شتێک لە وەقایعی کوردستان دەرچووە و حیزبە سیاسیەکان هەڵبژاردنیان کردووە پێموایە ئەمە لای هەموویان ڕوون و ئاشکرایە کە ئەوکاتەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران شەرعیەتمان هەبووە یاسا دەسەڵاتی داوە بەئێمە کە پەیڕەوی ناوخۆی خۆمان دابنێین بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لانی کەم شەش مانگمان وەکو پێویستی داناوە بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنێک کە بتوانێت لەئاستی پێویستدا بێت، بەڵام ئێستا وەکو وتم لەوانەیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەناو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕووبدات لەوانەیە ئەم گۆڕانکاریانەی کە ڕوودەدات لەوانەیە پێویست بکات پێنج مانگ کەمتر یان زیاتر بێت ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر تەقدیری ئەو ئەنجوومەنەی دادێت کە لەسەر ئەم بابەتە بڕیار بدات، بەڵام من بەپێی واقیع و مەنتیق قسە دەکەم. "

"پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆر زۆر قورسه"

دەربارەی ئەوەی ئایا پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران کە زۆر ژمارە دەوترێت هەندێک دەڵێن 400 هەزار ناوی زیادە هەن و چەندەها ناوی مردووی تێدایە بەگشتی چەندە؟

لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم وتی" پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران خۆ گەنم و برنج نییە بیبژێریت و پاکی بکەیتەوە، بەداخەوە لەناو یاسای کۆمیسیۆن و لەناو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان غەدرێکی زۆر زۆر لە کۆمیسیۆن دەکرێت کە دەڵێت ئەنجوومەنی کۆمسیاران تۆماری دەنگدەران ئامادە دەکات، لێرەدا یاسادانەرانی کوردستان خۆی لە شتێکدا بواردووە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پشت بەکام داتا ببەستێت بۆ تۆماری دەنگدەران چونکە بۆ دروستکردنی داتا لە هەموو دنیا ئامادەکردنی داتای وڵات لەدەستی دامەزراوەی دەوڵەتدایە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەیە ئەوانەی کارتی نیشتیمانی دەردەکەن لە زۆر وڵاتدا کە لەیاسادا هاتووە کۆمیسیۆن داتاکان وەردەگرێت و دەیکات بە تۆماری دەنگدەران بەو مانایەی بەسەر ناوەندەکانی دەنگداندا دابەشی دەکات بەپێی نزیکترین ناونیشانی دەنگدەر یان خۆتۆمار کردن ئیختیارییە لەهەموو دنیادا لەو وڵاتانەی هەڵبژاردن بەوشێوازە ئەنجام دەدەن شەش مانگ پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت ناوەندەکان دەکرێنەوە و خەڵک دەچێت ناوی خۆی دەنووسێت بۆئەوەی بەشداری دەنگدان بکات ئەوەی نەچێت بەشداری ناکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر ئەم بڕگەیە لاستیکیەیە دەڵێت کۆمیسیۆن تۆماری دەنگدەران ئامادە دەکات بەکام داتا تیای نییە؟ لەعێراق بەپێی دەستور ئامادەکردنی سەرژمێری لەدەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵیە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستوردا هاتووە کە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵیە سەرژمێری جێبەجێ بکات، هەرێمی کوردستان خۆی بۆی نییە سەرژمێری بکات هەر ئەو داتایەی وەزارەتی بازرگانییە کە کۆمیسیۆن پشتی پێبەستووە ئەو داتایەش هەموومان کۆکین لەسەرئەوەی کۆمەڵێک کەم و کورتی تێدایە. "


سلێمان مستەفا دەشڵێت" ئەو داتایە پاککردنەوەی زۆر زۆر قورسە لەبەرئەوەی ئەو خەڵکانەی لە هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی دەکەن، یان بۆنموونە چوونەتە دەرەوەی وڵات، ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە کە وەفاتنامەیان بۆ دەردەکرێت ژمارەی فۆڕمی خۆراکی لەسەر نییە ئیتر ناتوانرێت لەناو داتای وەزارەتی بازرگانی ڕەشبکرێتەوە مەگەر خاوەنی کۆچکردووەکە خۆی بێت و بەڵگەنامەیەک بدات بە کۆمیسیۆن بڵێت ئەم ناوە ڕەشبکەنەوە لەبەرئەوەی کۆچی دوایی کردووە لەبەرئەوە پاککردنەوەی ئەم تۆمارە زۆر زۆر قورسە ناڵێم مەحاڵە واتە ئەو پاککردنەوەی حیزبەسیاسیەکان و دەنگدەران دەیانەوێت ئەمە بە کۆمیسیۆن ناکرێت. "


" بەداخەوە ناوی مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە "

دەربارەی ئەوەی ئایا چەند ناوی مردووە هەیە؟

لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان دەڵێت" ئێمە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کرد کە داتای کۆچکردومان بداتێ، بۆنموونە پەنجا ناو دێت کاتێک ناوێک لێدەدرێت ئیتر ناتوانرێت کام ناو بسڕێتەوە لەبەرئەوەی هەرکەسێک کۆچی دوایی دەکات لە وەزارەتی تەندروستی و لە کۆمیسیۆنیش ئەو هەماهەنگیە لەکاتی خۆیدا نەبووە کە ناوی ئەوانەی کۆچیانکردووە دەریانبهێنین کەواتە ناوەکانی هەر تێدایە بەداخەوە ئەمە ڕاستیەکه،‌ باشترین شت ئەوەیە تۆماری بایۆمەتری بەکاربهێنرێت، پرۆسەکە لە عێراق بەسیستی دەڕوات کە دەوترێت بایۆمەتری کۆمەڵێک قۆناغی بڕیوە و دەنگدەری دوبارەی تێدا نییە هەر هاوڵاتیەک کۆد نەمبەری نیشتیمانی هەیە ئەگەر هەوڵبدرێت ئەم داتایە بکرێت بە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئەو تۆمارە بایۆمەتریەی کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پێکردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەم تۆمارە ئەنجام بدرێت ئەمەش دەبێت لەناو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕگەیەکی تێدا جێبکرێتەوە، بڵێت لەم هەڵبژاردنەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی داتای بایۆمەتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵی دەکاتە بنەما بۆ ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران، بڕگەیەکی تریش ئەوە بێت تەنها ئەو هاوڵاتیانەی کە چوونەتە بنکەکانی دەنگدان کارتی بایۆمەتریان کردووە تەنها ئەوان بۆیان هەیە دەنگبدەن بەواتای ئەوانەی کارتی کورت مەودایان هەیە ڕێگەیان پێنەدرێت بەشداری دەنگدان بکرێت، خاڵی سێیەمیش ئەگەر ئەم بڕگەیە جێیکرایەوە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵی ماوەیەکی بۆنموونە دوومانگ بۆ سێ مانگی تر وادە بدەن بەو هاوڵاتیانە کە کارتی خۆیان نوێ نەکردۆتەوە ئەوەی مەبەستی هەبێت بەشدار بێت بچێت خۆی تۆمار بکات و کارتی بایۆمەتری پێبدرێت و ئەمە باشترین چارەسەرە کە بتوانین بۆ دەنگدەر و بۆ قەوارە سیاسیەکان بگەڕێنینەوە و هەڵبژاردنێک بێت کە بتوانێت ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئایندەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک پرسیار و گومان دووربخاتەوە. "

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ سلێمان مستەفا