ڕێکخراوە بیانییەکان بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی هاووڵاتیان و سێکتەرە خزمەتگوزاریەکانی هەڵەبجە، لەم چوارچێوەیەدا چەندین سێکتەر، ئامێر و کەرەستەی پزشکی بۆ هەڵەبجە دابینکراون، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوریش بە نزیکەی 12 هەزار دۆلار چەند ئامێرێکی گرنگی پزیشکی بۆ بەشی لە دایکبوون لە نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبوونی هەڵەبجە دابین کرد.
لە چوار چێوەی پڕۆژەی "لە هەڵەبجەوە دەست پێدەکەین" بە هەماهەنگی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوری بە نزیکەی 12 هەزار دۆلار ژمارەیەک ئامێری پێویستیان بۆ نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبوونی هەڵەبجە دابین کرد.
سەروان حەسەن بانیمارانی بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دوای ئەوەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پڕۆژەیەکیان بە هەماهەنگی ڕێکخراوە بیانیەکان لە هەڵەبجە لە ژێر ناونیشانی "لە هەڵەبجەوە دەست پێدەکەین" ڕاگەیاند توانرا لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئێم ئێس ئێف ی هۆڵندیەوە چوار ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی مندالان و مناڵبوونی هەڵەبجە دابین بکرێت."
فریاد نەجمەدین بەڕێوەبەری بە ڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو چوار ئامێرەی کە دابین کراوە بەکاردێن بۆ حاڵەتەکانی لە دایک بوون و پێشتر لە هەڵەبجە وەک پێویست نەبوون، ئێمە لە ڕابردوودا لەگەڵ ڕێکخراوە بیانییەکان لەسەرجەم سێکتەرەکان داوکارییەکانمان ئاڕاستەکردوون و ئەوانیش دوای هەڵسەنگاندا هەر وڵاتە و بە پێی توانای خۆی هاوکاری هەڵەبجە دەکات."
ڕێکخراوە بیانییەکان ئێستا لە هەڵەبجە ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕن لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکاندا نزیکە لەو ڕۆڵەی کە حکومەت لە پشتیوانی پارێزگاکەدا وەک پارێزگایەکی نوێ دەیگێڕێت، لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا چەندین بەشی گرنگی پزیشکی دیکە و کارگەی دروستکردنی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکان کراونەتەوە و هەوڵەکانیش بەردەوامن.
Your browser doesn’t support HTML5